پەیامی کورد... سەرۆک بارزانی: بە لای ئێمەوە هەرێمی كوردستان نەك تەنیا هێڵی سوورە، بەڵكو هێڵی مەرگە و یان كوردستان یان نەمانە
سەرۆك مەسعود بارزانی لە پەیامێكدا بڵاوی كردەوە كە هەرێمی کوردستان نەک هێڵی سوورە، بەڵکو هێڵی مەرگە و یان کوردستان یان نەمان.
سەرۆك بارزانی پەیامێكی بۆ ڕای گشتی بڵاو كردەوە و تیایدا هاتووە: "جێگەی داخێكی زۆرە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵێكی نابەرپرسانە و پێچەوانەی دەستوور بۆ قووڵكردنەوەی كێشەكان و پێشێلكردنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان هەبوو. هەموو لایەك ئاگادارن كە پێشتر گفتوگۆ و ڕێككەوتنی بنیاتنەر لە نێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بە ئاراستەی نەهێشتنی كێشەكان لە ئارادا بوو. هەروەها حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە دەرئەنجام و ڕێككەوتنی زۆر باش و ئیجابی گەیشتبوون بۆ ئەوەی گرفتەكان چارەسەر بكرێن و هەموو لایەك خزمەتی سەقامگیریی وڵات و ژیان و گوزەرانی خەڵك بكەن، كەچی بەداخەوە هەندێك لایەنی سیاسی بە نەفەسێكی نكۆڵیكارانە و نابەرپرسیارانە لە ڕێگەی دەستكاریكردنی بڕگەكانی پڕۆژەیاسای بودجە ویستیان وا بكەن هیچ مانایەك بۆ كیانی هەرێمی كوردستان نەمێنێت. بەڵام ئەو هەوڵە نابەرپرسانەیە سەری نەگرت و پووچەڵ كرایەوە."
سەرۆك بارزانی هەروەها لە پەیامەكەیدا دەڵێ: "ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی لایەنە شۆڤێنی و موزایەدەچییەكان و هەروەها هەموو ئەوانە لادا كە نە ڕێز لە بەڵێن و ئیمزاكانیان دەنێن و نە ڕێزی بنەماكانی دەستووریش دەگرن. ئێستاش كە پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا پەسەند كراوە، هیوادارم ئەوەی هەیە بە نیەتێكی پاك جێبەجێ بكرێت."
لە كۆتاییشدا هاتووە: "لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان، موڵكی گەلی كوردستان و بەرهەمی خوێن و خەباتی گەلی كوردستانە. لە بەرانبەر هەر جۆرە هەوڵ و دەستدرێژی و بێباكییەك بۆ تێكدان و نەهێشتنی هەرێمی كوردستان بە توندی دەوەستینەوە. بە لای ئێمەوە هەرێمی كوردستان نەك تەنیا هێڵی سوورە، بەڵكو هێڵی مەرگە و یان كوردستان یان نەمانە."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە