پەیامی کورد... سەرۆک بارزانی لە چل ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاو کردەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 31/7/2023 سەرۆک بارزانی لە چلەمین ساڵوەگەڕی ئەنفالی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئەو هەڵمەتەی بە ''ناڕەوا و بێویژدانانە'' وەسف کرد کە بەهۆیەوە هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی، هەر لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا نەوەد ساڵی، دەستبەسەر کران و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لە بیابانەکانی باشووری عێراق کۆمەڵکوژی کران.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە: ''ئەو تاوانە بەشێک بوو لەو زنجیرە کارەسات و قوربانیدانانەی بە شێوەیەکی ڕێکخستوو بە مەبەستی لەناوبردن و تواندنەوە بەسەر ڕۆڵەکانی گەلی کوردستاندا هاتووە'' و دەشڵێت: ''لە کاتێکدا چل ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا تێ دەپەڕێت، هێشتاش بیری شۆڤینی و نیەتی نەمان و ئازاردانی گەلی کوردستان لە خەیاڵدان و ڕەفتاری ھەندێ کەس و لایەندا دەبینین.''
ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانییە کە لە چل ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکاندا بڵاوی کردووەتەوە:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
چل ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعس لە هەڵمەتێکی ناڕەوا و بێویژدانانەدا هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانیی، هەر لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا نەوەد ساڵی، دەستبەسەر کرد و بەشێوەیەکی نامرۆڤانە لە بیابانەکانی باشووری عێراق کۆمەڵکوژی کردن.
ئەو تاوانە بەشێک بوو لەو زنجیرە کارەسات و قوربانیدانانەی بەشێوەیەکی ڕێکخستوو بە مەبەستی لەناوبردن و تواندنەوە بەسەر ڕۆڵەکانی گەلی کوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنکردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و کیمیابارانکردنى هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستن و گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان.
بەداخەوە، لەکاتێکدا چل ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا تێدەپەڕێت، هێشتاش بیری شۆڤینی و نیەتی نەمان و ئازاردانی گەلی کوردستان لە خەیاڵدان و ڕەفتاری ھەندێ کەس و لایەندا دەبینین، ئەوەش خۆیلەخۆیدا گرفتی سەرەکیی گەلەکەمان بووە لەگەڵ ئەو عەقلیەتە نامرۆڤانەیە کە سەرچاوەی نەهامەتی و ناسەقامگیرییە بۆ هەموو عێراق و ناوچەکە.
لەیادی ئەنفالی بارزانییەکاندا پێزانینم بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بە تایبەت جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران هەیە کە لە ڕۆژگارە سەختەکاندا کوردانە و مەردانە هاوسۆزی بارزانییەکان بوونە و یارمەتییان داون. سوپاسی کەسوکاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایک و ئافرەتە بارزانیانە دەکەم کە ساڵانێکی دوورودرێژ ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان تەحەمول کردووە و بوونە نموونەی باڵای خۆڕاگری و ڕەوشتبەرزی و کوردپەروەری.
مسعود بارزانی
31ی تەمموزی 2023
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە