پەیامی کورد … ساڵی رابردوو لە هەولێر زیاتر لە 12 هەزار تاوانی جۆراو جۆر ئەنجامدراوە
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا لە پارێزگای هەولێر (12) هەزارو (645) تاوانی جۆراوجۆر ئەنجامدراوە، لە نێویاندا (79) تاوانی كوشتن تۆماركراوە.
(هۆگر عەزیز) وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە ماوەی ساڵی رابردوودا (12) هەزارو (645) تاوانی جۆراوجۆر ئەنجامدراوەو (11) هەزارو (504) تاوان ئاشكراكراون و تۆمەتباران دراونەتە دادگا كە رێژەكەی نزیكەی (91%) ی تاوانەكان پەڕاویان یەكلا كراوەتەوە.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ساڵیدا (5) هەزارو (146) تۆمەتباریان لە دزی و كوشتن و ساختەكاری و تەقەكردن و رێگری و ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركردووە، تۆمەتبار هەبووە چەند ساڵە دەستگیر نەكراوە ئەمساڵ دەستگیركراوە.
(هۆگر عەزیز) ئاشكرای كرد، لەو ساڵەدا (79) تاوانی كوشتن تۆماركراوە كە (78) لە تاوانباران دەستگیركراون، بەرێژەی (99%) تاوانباران دەستگیركراوان، (28) حاڵەتی تەقەكردن كە (24) حاڵەتیان ئاشكراكراوە لەگەڵ چەند باندێكی ڕێگری كە (43) تۆمەتبار بوون.
لەو ماوەیەدا هەزارو (53) سواڵكەریان لە شاری هەولێر دەستگیركردووەو دەستبەسەر (417) نێرگەلەو (35) تۆن دەرمانی ماوە بەسەرچوو، هەزارو (71) شوێن تێكدراون كە زیدەرۆیی بوون، (238) ئۆتۆمبێل دەستی بەسەردا گیراوە، كە سەرپێچی یاساییان كردووە، یاخود نمایشی ئۆتۆمبێلیان كردووە لە ناو شاردا.
وتەبێژی پۆلیس وتیشی : (281) تۆمەتبار لە هەولێر دەستگیركراون كە لە پارێزگاكانی عێراق فەرمانی دەستگیركردنیان هەبووە، (106) ئۆتۆمبێل و (162) دەمانچەو (148) كلاشینكۆف و (12) تاپڕو (2002) فیشەك و (103) مەخزەنی چەك لەگەڵ (336) كەلوپەلی قەدەغەكراو دەستیان بەسەرداگیراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە