پەیامی کورد ... سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ، حزبەكەی پشتگیریی سەرجەم ئەو هەنگاوانە دەكات كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان دەنرێن. دەشڵێ، بەشدارینەكردنی هەندێك لایەن، بۆ ناكۆكی سیاسی و وەرگرتنی پۆستی زیاتر لە حكوومەت دەگەڕێتەوە.
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند : ئەمڕۆ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە و تێیدا دەست بە ئامادەكردنی راپۆرتی ھەمواری یاسای سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان دەكرێت و ھەوڵ دەدرێت لە ماوەی چەند رۆژێكی كەمدا راپۆرتەكە ئامادە بكرێت، بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ ھەمواری یاسای سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان كرد، ڕەوانەی لیژنەی یاسایی دەكرێت بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی خۆیانی لەسەر ئامادە بكەن و ئێمەش ئەمڕۆ دەست بە ئامادەكردنی راپۆرتی خۆمان دەكەین و كۆبوونەوەیەك بۆ ئەو مەبەستە ساز دەكەین، ھەر كاتێكیش تەواومان كرد، ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكەین و ھەركاتێك دامانە ئەوان كۆبوونەوەی دیكەی پەرلەمان دەكرێت بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت و گفتوگۆی لەسەر بكرێت و لە خوێندنەوەی سێیەمدا دەنگدانی لەسەر دەكرێت و پەسەند دەكرێت".
خەدیجە عومەر گوتیشی، ھەوڵ دەدەن ھەر لەم ھەفتەیەدا راپۆرتی خۆیان ئامادە بكەن و ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن بۆ ئەوەی پەرلەمان كۆ ببێتەوە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت و دواتریش پەسەند بكرێت.
دەشڵێ، ھەمواری یاسای سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان ھەندێك دواكەوتووە و ھەوڵ دەدرێت پەلە بكرێت بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان كارا بكرێتەوە، چوونكە پرسەكە زۆر گرینگە و پێویستە چیتر دوا نەخرێت.
هەر سەبارەت بەو پرسە، عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان، ڕایگەیاند؛ گۆڕان پشیگیری سەرجەم هەنگاوەكانی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش لە پەرلەمان بە دەستكەوت و كارێكی گرینگ وەسف دەكات.
عەلی حەمەساڵح گوتیشی: "بەشدارینەكردنی لایەنەكان، بۆ ململانێی حزبی و وەرگرتنی پـۆستی زیاتر لە حكوومەت دەگەڕێتەوە، لە ڕابردوودا هەر چوار لایەنەكە پڕۆژەی هاوبەشیان هەبوو و كۆك بوون لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێردرێـت بە سەرجەم دەسەڵاتەكانییەوە، بەڵام ئێـستا دەیانەوێـت ئەم ڕاستییە لە هاووڵاتیان بشارنەوە، بێگومان ئەو پڕۆژەیەی كە ڕەهەندی نیشتیمانیی هەیە و فڕاكسیۆنی پارتی و فڕاكسیۆنی گۆڕان و لایەنەكانی تر داوای دەكەن، هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمە".
حەمەساڵح روونیشی كردەوە؛ بزووتنەوەی گۆڕان پشگیریی هەموو ئەو هەنگاوانە دەكات كە لە پەرلەمانەوە ئاڕاستە دەكرێن بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم.
دەشڵێ: "جەخت لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەكەینەوە لە پەرلەمان و گۆڕانیش پشگیریی تەواوی ئەو رێككەوتنانە دەكات كە لەگەڵ پارتی هەیەتی و واژۆی كردوون".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە