پەیامی کورد ... سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسووڵی ئەمریکا لە هەولێر دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/5/14 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیڤن فەیگن کونسووڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا ،گفتوگۆ دەربارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا . کونسووڵی ئەمریکا ستایشی رێکارە سەرکەوتووەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤیرووسی کۆرۆنا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر دۆخی سەختی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم پلانی تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە پەسەند کردووە کە بریتییە لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان.
لە بارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش لە بەغدا، سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور بە شێوەیەک کە ئەرک و مافەکانی هەرلایەک دیار و پارێزراوبن.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستاندا. سەرۆکی حکومەت داوای کرد ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی هەرێمی کوردستان و عیراق بکەن لە تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە