پەیامی کورد … سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی هیوا دەکۆڵێتەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کێشە و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی هیوای کۆڵییەوە و جەختیکردەوە کە نابێت هیچ کەمتەرخەمی و پاشەکشەیەک لەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەدا بکرێت کە پێشکەشی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لە گەڵ د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، لە کێشە و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی هیوای کۆڵییەوە و ڕایسپاردن کە بەزووترین کات لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن و کێشە و گرفتەکانی نەخۆشخانەکە چارەسەر بکەن.
سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتی خۆی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ دابینکردنی ھەموو پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی ھیواو ھەموو نەخۆشخانەکانی چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە دووپات کردەوە و جەختیکردەوە کە نابێت هیچ کەمتەرخەمی و پاشەکشەیەک لەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەدا بکرێت کە پێشکەشی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە