پەیامی کورد …. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی مانگی سووری ئیماراتی کرد
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢١، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەمەد ئەلفەلاحی ئەمینداری گشتیی دەستەی مانگیی سووری ئیماراتی و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا کە ئەحمەد ئەلزاهری کونسولی گشتیی ئیمارات لە هەولێر ئامادەی بوو، شاندی میوان سڵاو و ڕێزی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان جێنشینی ئەبوزەبی-یان بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئاماژەیان بە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرد لە هەموو بوارەکاندا، جەختیشیان کردەوە کە ئیمارات بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ کەمپەکان.
شاندی ئیماراتی هەروەها خۆشحاڵی خۆیان بە هەبوونی هەماهەنگیی لە گەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی نیشاندا کە بەردەوامن لە ئەنجامدانی چەندین بەرنامە و پڕۆژەی خێرخوازی هاوبەش.
سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوکارییەکانی دەولەتی ئیمارات و بەتایبەتی مانگی سووری ئیماراتی دەربڕی و خواستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیمارات دووپات کردەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە