پەیامی کورد... سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەڵوێستەکەی سەدر کرد
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هەڵوێستی موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر کرد و داوای لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد، بۆ دەربازبوونی وڵات لە دۆخی ئێستای، دەست بە گفتوگۆ بکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، پێشوازی لە هەڵوێستی نیشتمانی و بەرپرسیارانەی سەرۆکی ڕەوتی سەدر کرد.
نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندووە، "پێشوازی لە هەڵوێستی سەماحەتی بەڕێز موقتەدا سەدر و داوای کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و کشانەوەی لایەنگرانی لە ناوچەی سەوز دەکەین، پشتگیری هەڵوێستی نیشتمانی و بەرپرسیارانەی دەکەین، هیوادارین ئاسایش و ئارامی لە وڵات جێگیر بێت، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین بۆ چارەکردنی کێشەکان و ڕزگارکردنی عێراق لەو دۆخە قورسە، دەست بە گفتوگۆ بکەن".
ئەمڕۆ (سێ شەممە ٣٠ی ئاب) موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، داوای لە لایەنگرانی کرد، لە ماوەی کاتژمێرێکدا لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە و کۆتایی بە پێکدادانەکان بێنن.
سەرۆکی ڕەوتی سەدر، هەروەها دووپاتی کردەوە کە ڕشتنی خوێنی عێراقییەکان "حەرامە" و گوتی: بکوژ و کوژراو، دۆزەخین.
دوای ئەو داوایەی سەدر، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، قەدەغەی هاتووچۆی لە تەواوی عێراق هەڵگرت و لایەنگرانی سەدریش لە ناوچەی سەوز کشانەوە.
بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، نزیکەی ٢٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان کەسی دیکەش برینداربوونە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە