پەیامی کورد ... سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لە سەر بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەربڕی
بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشان داوە و وەزارەتی پێشمەرگەشی ئاگادار کردووەتەوە کە پلەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەست بە بەرزکردنەوەی بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش سبەی لیژنەی باڵا کۆ دەبێتەوە و لیستی ناوەکان ئامادە دەکرێت و ئەولەویەتیش بۆ ئەوانەیە کە ساڵانی پێشوو پلەیان بەرز نەکراوەتەوە.
لیوا بەکر فەقێ، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشان داوە کە پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە دەست پێ بکاتەوە لە ساڵی ٢٠١٧ تاوەکو سالی ٢٠٢٠ و ئێمەیشی لێ ئاگادار کردووەتەوە، کە دەست بەو پرۆسەیە بکرێتەوە."
لیوا بەکر فەقێ ووتیشی: "بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەکی باڵا بکرێت و باس لەو پرسە بکرێت کە بە چ شێوازێک لیستی ناوی ئەفسەران ڕەوانە بکرێت، چوونکە چەندین ساڵە پلەیان بەرز نەکراوەتەوە."
ووتیشی: "بەشێک لە ئەفسەرانی یەکەی ٧٠ و٨٠ی وەزارەتی پێشمەرگە پلەیان بەرز کراوەتەوە، بەڵام مووچەیان بۆ نوێ نەکراوەتەوە، بۆیە ئەولەویەت بۆ ئەوان دەبێت، بەتایبەت ئەوانەی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ و ئەوانەی دیکە دواتر پلەیان بەرز دەکرێتەوە."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە