پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی، لە دیدارێكدا لەگەڵ فڕاكسیۆنەكانی پێكهاتەكانی مەسیحی و توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، جەختی كردەوە كە لە دەستووری كوردستاندا، مافەكانی سەرجەم پێكهاتەكان بە تەواوی دەچەسپێت و ڕێگە بە هیچ جیاكارییەكی نەتەوەیی و ئایینی نادرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ـی ٧ـی ٢٠١٩ لە سەڵاحەددین، سەرۆك مەسعوود بارزانی، لەگەڵ فڕاكسیۆنەكانی پێكهاتەكانی مەسیحی و توركمان لە پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا، نوێنەرانی مەسیحی و توركمان لە پەرلەمانی كوردستان سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشكەش بە سەرۆك بارزانی كرد، كە هەمیشە بەرگری لە مافی پێكهاتەكان كردووە و ئاماژەیان بە پێداگریی سەرۆك بارزانی كرد لەسەر نوێنەرایەتیكردنی پێكهاتەكان لە كاتی كۆبوونەوەكانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بەر لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دواتریش ڕۆڵی دیاری سەرۆك بارزانییان لە چەسپاندنی مافی پێكهاتەكان لە دەستووری هەمیشەیی عێراق و پێكهاتەی ئێستای سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و مسۆگەركردنی نوێنەرایەتییان لە كابینەی داهاتووی حكوومـەتی هەرێمدا، بەرز نرخاند.
هەروەها سوپاسی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد، كە لە دانانی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستاندا پشتیوانی پێكهاتەكان بوون.
لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی نوێنەرانی پێكهاتەكانی مەسیحی و توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و ئاماژەی بەوەدا، كە كوردستان وڵاتی هەموومانە و پێویستە هەمووانیش لە بەڕێوبردنیدا هاوبەش بین و هەمووشمان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین. سەرۆك بارزانی جارێكی دیكەش جەختی كردەوە، كە نابێ بە هیچ پێكهاتەیەك بگوترێت "كەمینە" و هیچ نەتەوەیەك بە ژمارە ناپێورێت و هەریەكەیان تایبەتمەندی خۆی هەیە و دەبێ ڕێز لەو تایبەتمەندییانە بگیرێت.
سەرۆك بارزانی، ڕۆڵی نوێنەرانی مەسیحی و توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان بەرز نرخاند و داوای كرد بە شێوەیەك بەرگری لە مافی پێكهاتەكان بكەن، كە بەرانبەر دەنگدەرانی خۆیان سەربەرز بن.
سەرۆك مەسعوود بارزانی، جەختیشی كردەوە كە لە دەستووری كوردستاندا مافەكانی سەرجەم پێكهاتەكان بە تەواوی دەچەسپێت و ڕێگە بە هیچ جیاكارییەكی نەتەوەیی و ئایینی نادرێت و هەمووان لە كوردستاندا یەكسان و هاوبەش دەبن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لەبارەی دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەرچاوڕوونیی پێویستی خستەڕوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە