پەیامی کورد … سەرۆك بارزانی: پێویستە ئەو سەركەوتنەی پارتی ببێتە هۆی زیاتر خزمەتكردنی خەڵك
شەوی ڕابردوو سەرۆك مەسعود بارزانی بەبۆنەی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و سەركەوتنی پارتییەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و رای گەیاندووە كە پێویستە ئەو سەركەوتنەی پارتی ببێتە هۆی ئەوەی بەرپرس و كادیر و ئەندامانی پارتی زیاتر خزمەتی خەڵك بكەن.
سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەیدا ڕای گەیاندووە "بە بۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو هەڵبژاردنەدا، پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم كە توانیان لە كێبڕكێیەكی مەدەنی و ئارامدا سەركەوتنێكی گەورە بۆ پارتی و ڕێبازەكەیان مسۆگەر بكەن و ڕۆحی شەهیدان ئاسوودە بكەن".
سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە "سەركەوتنی پارتی لەو هەڵبژاردنەدا بە مانای سەركەوتنی پڕەنسیب و بەها و ئەو بنەمایانەیە كە خەباتی گەلی كوردستانی لەسەر وەستاوە و، پەیامێكە بۆ هەموو لایەك كە گەلی كوردستان لە هیچ بارودۆخێكدا دەستبەرداری مێژوو و بەهاكانی نابێت".
هەروەها دووپاتی كردووەتەوە "پێویستە ئەو سەركەوتنەی پارتی ببێتە هۆی ئەوەی بەرپرس و كادیر و ئەندامانی پارتی زیاتر خزمەتی خەڵك بكەن و، هەمیشە ئەو ئامۆژگارییە بە نرخەی بارزانیان لەبیر بێت (لە سەركەوتندا مەغروور نەبن و لە شكست نائومێد نەبن)".
هەر بەم بۆنەیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و دەزگا ئەمنییەكان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵی كردووە كە بە شەونخونی و ماندووبوونیان بوونە هۆی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستخۆشی لێ كردوون. هەروەها ڕۆڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكاندا بەرز نرخاندووە.
سەرۆك بارزانی نووسیویەتی "سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن سەركەوتنی ئیرادەی گەل و سەركەوتنی دیموكراسیە. هەر بۆیەش هیوادارم لە دوای ئەم هەڵبژاردنە لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز و تەواوكاری یەكتری بن. هیوادارم هەموو لایەنەكان بەیەكەوە و بۆ یەك ئامانجی هاوبەش و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان كار بكەن و، لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ بنیات بنێنەوە. جارێكی تر سوپاس بۆ گەلی كوردستان و سوپاسی تایبەتیش بۆ خوشك و برایانی خۆڕاگر و خاوەن بیروباوەڕ لە كەركووكی دڵی كوردستان".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە