پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوی ئەمریكا کرد
سەرۆك مەسعوود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە خاتوو ڤیكتۆریا نولاند جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سیاسی و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە خاتوو ئەلینا ڕۆمەنێسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و مارك سترۆ كونسووڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر و ژمارەیەك دیپلۆماتكاری ئەمریكی.
لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و پێویستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و بابەتی مافە دەستوورییەكان و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تیشک خرایە سەر هەڕەشە ئەمنییەكان و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و ناوچەكە و جەخت لە هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هاوپەیمانان كرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر و ئاستەنگە ئەمنیەكان.
بارودۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو و شاندی میوان پێزانینی بۆ پێشەوەچوونی ژێرخانی هەرێم و ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان هەبوو و، جەختیشی لە پێویستی هەماهەنگی و یەكڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان هەمیشە هەوڵی داوە لە عێراقدا فاكتەری سەقامگیری و چارەسەر بێت و خوازیاری ئەوەش بووە كە گرفتەكانی لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ بە گفتوگۆ چارەسەر بكات بەڵام كۆمەڵێك فاكتەر هەن كە بوونەتە ڕێگر لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ و گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی دەڤەری شەنگال.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە