سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا و شاندی یاوەری دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا و شاندی یاوەری دەكات

پەیامی کورد   ...     ڕۆژی شەممە 7ـی 12ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی كرد لە جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا و شاندێكی یاوەری كە پێكهاتبوو لە ستیڤ فاگین كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر و جەنەڕاڵ ئێریك هێڵ فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سەربازی و سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا ستایشی ئەو ئارامی و گەشەسەندنەی كرد كە لە هەرێمی كوردستاندا لە ئارا دایە و جەختیشی لە پێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان ووڵاتەكەی و هەرێمی كوردستانی كردەوە.

هەر لەو دیدارەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا سەرەخۆشیی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد بە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەك پێشمەرگە لە پەلامارەكانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هەردوولا تەئكیدیان لە هەماهەنگیی و كاری هاوبەشی سوپای ئەمریكا و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.

بارودۆخی سیاسی عێراق و دوایین پەرەسەندنەكان لە پڕۆسەی سیاسی و داواكاریی خۆپێشاندەران تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو و هەردوولا نیگەرانی خۆیان لە پەرەسەندنی توندوتیژی و تێكچوونی سەقامگیری عێراق نیشاندا كە كاریگەریی لەسەر خۆڕێكخستنەوە و زیادبوونی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش بە جێ بهێڵێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دوایین گۆڕانكارییەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و هاوكێشە مەیدانییەكان تاوتوێ كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە لە هەر گۆڕانكارییەكدا پێویستە ڕێگە لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە بگیرێت و چیتر ڕێگە نەدرێت گەلی كورد لە سووریا تووشی ئێش و ئازار و ئاوارەیی ببێت. پەیوەست بە بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا ڕایگەیاند كە پێویستیمان بە ڕاوێژ و هاوكاریی سەرۆك بارزانییە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە