سەرۆكی هەرێمی کوردستان: گۆڕانكارییەكانی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق، ڕەتدەكەینەوە‌

سەرۆكی هەرێمی کوردستان: گۆڕانكارییەكانی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق، ڕەتدەكەینەوە‌

پەیامی کورد... سەرۆكی هەرێمی کوردستان: گۆڕانكارییەكانی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق، ڕەتدەكەینەوە‌


سەرۆكی هەرێمی كوردستان نیگەرانیی خۆی لە دەستكاریكردن و گۆڕانكاری لە ماددەكانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت: داوا لە هەموو لایەك و بەتایبەتی لایەنەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەكەین، پابەندی رێككەوتنەكان بن.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: بە نیگەرانییەكی قووڵەوە لە دەستكاری و گۆڕانكاری لەو بڕگانەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق دەڕوانین كە پەیوەندییان بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیه و یەكجاری ڕەتیان دەكەینەوە‌. ئەم هەنگاوە دروستكردنی بەربەستە لەبەردەم پرۆژەیاسای بودجە كە هەموو عێراقییەكان بە ئومێدەوە چاویان لێیە بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو پەسەند بكرێت.

وتیشی: پابەندی بە ڕێككەوتنی سیاسیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە، بنەمای ئارامی و سەقامگیریی سیاسیی عێراق و هەنگاوی دروستە بەرەو داهاتوویەكی باشتر بۆ وڵات و تەواوی پێكهاتەكانی. بازدان بەسەر لێكگەیشتن و ڕێككەوتنەكاندا و هەوڵدان بۆ پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، مامەڵەیەكی تەواو ناكۆكە لەگەڵ بەرپرسیاریەتیی نیشتمانیدا و جگە له نائومێدی و ئاڵۆزكردنی سەقامگیریی دۆخی سیاسیی وڵات، هیچی دیكەی ‌لێناكەوێتەوە و زیان بە تەواوی عێراق دەگەیێنێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: ڕابردوو و ئەزموونەكان سەلماندوویانە كە مامەڵەكردن بە لۆژیكی هێز و زۆرینە و كەمینه و پێشێلكردنی ماف و شایستەكانی پێكهاتەكانی عێراق‌، هیچ كاتێك ئارامی و سەقامگیری بۆ وڵات نەهێناوە و ناهێنێت، بۆیە داوا لە هەموو لایەك و بەتایبەتی لایەنەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەكەین، پابەندی ڕێككەوتنەكان بن و هەموومان لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا ڕەفتار بكەین، لایەنە كوردستانییەكانیش دەبێ یەكڕیز و تەبا بەرگری لە مافە دەستوورییەكانمان بكەن.

ئەوەشی خستەڕوو: دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە لەسەر بنەمای دەستوور ئامادەی چارەسەركردنی هەموو كێشەكانە و ئەزموونی چەند مانگی ڕابردووی پێكەوەكاركردن و لێكگەیشتن و تەبایی لەنێوان هێز و لایەنە عێراقییەكاندا و كاركردن بە ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵی، مایەی خۆشحاڵیی گەلی عێراق و دۆستەكانی بوو، بۆیە دەبێ برەو بەو ئاراستەیە بدرێت و ڕێگە نەدرێت كەسانێك ببنە هۆی بەلاڕێدابردنی ڕێككەوتنەكان و ئاڵۆزكردنی دۆخەكە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە