پەیامی کورد ... سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بە ئاسایی دەبینێت لەپێناو سەقامگیری هەرێمی کوردستان و رایدەگەیێنیت، "ئەم دواکەوتنە ئاساییە، بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان وادەخوازێت، کە کاتی تەواو بدرێتە پرۆسەی گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، هەروەها دەڵێت، "هەموو لایەک دڵنیا دەکەمەوە کە لایەنە سیاسییەکان دواجار هەر دەبێت بگەنە رێککەوتن".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی رێزلێنان لە مێژوونووس و نووسەری ناسراوی کوردی خورسان (کەلیمووڵڵا تەوەحوودی) نووسەری کتێبی " کۆچی مێژوویی کورد بۆ خوراسان" گوتارێکی پێشکەش کرد، و لە بەشێکی گوتەکانیدا باسی بارودۆخی ئێستای کوردستانی کرد و رایگەیاند: "لەم رۆژانەدا کە زیاتر لە 6 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی گشتی لە کوردستان تێدەپەڕێت، خۆتان دەزانن گلەیی زۆرە لەسەر ئەوەی پێکهێنانی حکوومەت دواکەوتووە، هەموو لایەک دڵنیا دەکەمەوە کە لایەنە سیاسییەکان دواجار هەر دەبێت بگەنە رێککەوتن".
نێچیرڤان بارزانی، هەروەها رایگەیاند: "با ئێمە وا تێنگەین کە دیموکراسی هیچ کێشەی نییە، لە دیموکراسیدا ئەوەی کەمی هێناوە و ئەوەی زۆریشی هێناوە وەکو یەک مافیان هەیەو قسە دەکەن، بۆیە دەبێت ئێمە پشوومان درێژ بێت و لایەنەکان کاتی تەواویان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "ئەم دواکەوتنە ئاساییە، بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان وادەخوازێت، کە کاتی تەواو بدرێتە پرۆسەی گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، چونکە ئێمە دەمانەوێت سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەبایی و ئاشتەوایی و بوژانەوەی ئابووری و خۆشگوزەرانی هەبێت بۆ وڵاتەکەمان، دەمانەوێت لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتیش لایەنە سەرەکییەکانی بەشداری لە حکوومەتدا بکەن، پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی کوردستانێکی بەهێز و دواڕۆژێکی گەشتر بۆ وڵاتەکەمان بونیاد بنێین".
نێچیرڤان بارزانی، هەروەها ووتی: "ئەوەی بۆ ئێمە گرینگ ئەوەیە، کە یەکڕیزی و تەبایی نێوخۆییمان هەبێت، هەروەها پاراستنی تەبایی لەگەڵ دەوروبەردا، ئێمە بە پشتیوانی ئێوە هەوڵدەدەین گرژی و ناتەبایی لە داهاتوودا روونەدەنەوە، دڵنیابن رۆژانی خۆشتر چاوەڕێی گەلی کوردستان دەکەن، هەموومان بە گەشبینییەوە چاوەڕوانی داهاتوویەکی باشین و پێکەوە هەنگاو دەنێین بەرەو کوردستانێکی بەهێز بۆ هەموو لایەک".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە