پەیامی کورد... سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بەشداری لە گردبوونەوەیەکی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەکات
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، بەشداری ڕێپێوانێکی کرد لەگەڵ خۆپیشاندەران کە ڕۆژی شەممە لە ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا کۆبوونەوە، بۆ پشتیوانی لەو ناڕەزایەتیانەی کە زیاتر لە 40 ڕۆژە لە ئێران بەڕێوە دەچێت.
ترودۆ لە بەردەم لافیتەیەکی سپی کە بە دەیان دەستی سوور داپۆشرابوو، بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی: ئێمە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ هەمووان لە سەرانسەری جیهاندا، بەتایبەتی ئەو ژنانەی لە ئێران ئازاریان چەشتووە.
ناوبراو وتیشی: ئێمە لێرەین بە هاوسۆزی لەگەڵ ئێوە و هەروا دەمێنینەوە، پێش ئەوەی بە وتنەوەی دروشمی" ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی بە وتارەکەی بهێنێت، دەستی پشتیوانی لەناو هاواری جەماوەردا بەرزکردەوە.
لای خۆشیەوە سۆفی گریگۆر ترودۆی هاوسەریشی وتی، "من لێرەم چونکە ئازادی ژن بە واتای ئازادییە بۆ هەموو ژنان".
سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین سزای بەسەر دەیان بەرپرسی باڵای ڕێژیمی ئێراندا سەپاندووە لە کاردانەوە بە "پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ" لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا.
گردبوونەوە لە شارەکانی دیکەی کەنەدا بە تایبەتی لە ڤانکۆڤەر، مۆنتریال، وینیپێگ و تۆرۆنتۆ بەڕێوەچوو، کە خۆپیشاندەران زنجیرەی مرۆیییان پێکهێنا. هەروەها هەزاران کەس ڕۆژی شەممە لە پاریس و شارەکانی دیکەی فەرەنسا کۆبوونەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە