پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی ٠٤ی ٢٠٢٠ نرخی نەوتی خاوی ئەمریکی بەڕێژەی نزیکەی %٢٠ بەرزبووەوە ، نرخی نەوتی خاوی برێنتیش پاش ئەوەی دوو رۆژە لەسەر یەک نرخەکەی دابەزی ئەمڕۆ جارێکی دیکە جێگیربوو .
لە پاش ئەوەی شەوی دووشەممەی رابردوو نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بەهاکەی بوو بە "نێگەتیڤ" کە بۆ یەکەمین جارە لە مێژوودا بەو ئاستە بەهای خۆی لەدەست بدات، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخەکەی بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ بەرزبوەوە و لە دواین مامەڵەدا بە ١٣.٦٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.
لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی برێنت تا رادەیەک بە جێگیری مایەوە، لە دواین مامەڵەتدا بە ١٩.٣٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا، ئەمە لە پاش ئەوە دێت کە لە دو رۆژی رابردوودا لەسەدا ٢٤ی بەهای خۆی لەدەستدا.
دوێنێ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتەوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، سوود لە دابەزینی چاوەڕوان نەکراوی نرخی نەوتی ئەمریکی دەردەگرێت، بۆ پڕکردنەوەی پێویستەکانی ووڵاتەکەی لە نەوتی یەدەگ.
لەوبارەیەوە ستیڤن ئینیس، گەورە شارەزای ئابووری لەبازاڕەکانی جیهاندا هۆشداریدا لەبارەی پڕبوونی کۆگا نەوتییەکان و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی زیاتری خواست لەسەر ئەو بەرهەمە.
ئەمە لەکاتێکدایە وەبەرهێنەرانی نەوت بەو پەڕی توانیایانەوە هەوڵ دەدەن قەبارەی خستنەڕووی بەرهەمەکانیان کەم بکەنەوە بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکەی، کە بەهۆی ڤیرووسی کۆرۆناوە زیانێکی زۆری بەرکەوتوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە