پەیامی کورد... فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 16ی ئەمریکی ڕادەستی ئۆکراینا دەکرێت
لە پەراوێزی لوتکەی گروپی حەوت لە شاری هیرۆشیما، ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێگە بە فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان دەدات لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16ی ئەمریکی مەشق و ڕاهێنان بکەن، دوای ئەوە بڕیارێک سەبارەت بە گەیاندنی فڕۆکەی جەنگی بۆ ئۆکرانیا دەردەچێت، بەو هەنگاوەش چاوەڕوانییەکانی ئۆکرانیا کۆتایی دێت.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی ڕایگەیاند، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرکردەکانی گروپی حەوتی ڕاگەیاندوە، "پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکی هاوبەش کە ئامانج لێی ڕاهێنانی فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکانە لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی چوارەم، لەنێویاندا فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16 رادەگەیەنێت".
ئەو بەرپرسە وتی، لەو ماوەیەی کە مەشقەکان لە چەند مانگی داهاتودا ئەنجام دەدرێن، هاوپەیمانی وڵاتانی بەشدار لەم هەوڵەدا بڕیار دەدەن کە کەی و چەند فڕۆکە دابین بکەن و کێ دابینی دەکات.
ڕاهێنانەکان لە دەرەوەی ئۆکرانیا لە شوێنەکانی ئەوروپا ئەنجام دەدرێن و چەند مانگێکی دەوێت، بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، کە ئاماژەی بەوەکردوە، بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتودا مەشقەکان دەست پێبکەن.
زلێنسکی پێشوازی لە بڕیارە مێژوییەکەی ئەمریکا و سەرۆکی ئەمریکا دەکەم
ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پێشوازی لەم بڕیارە کرد کە بە مێژویی لە لایەن سەرۆک بایدنەوە وەسفی کرد و لە پەیامێکدا وتی، "پێشوازی لە بڕیارە مێژوییەکەی ئەمریکا و سەرۆکی ئەمریکا دەکەم، کە پشتیوانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ گەیاندنی فڕۆکە، ئەوەش توانای سوپاکەمان لە ئاسماندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە".
دوای بڵاوبونەوەی ئەو ڕاگەیاندنە ئەمریکییە، دانیمارک ڕایگەیاند، دوای ڕەزامەندی ئەمریکا ڕاهێنان بە فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان دەکات لەسەر فڕۆکەی ئێف 16.
ئۆکرانیا چەندین جار داوای کردبو فڕۆکە لە ڕۆژئاوا وەربگرێت بۆ ئەوەی بەشداری بکات لە بەرپەرچدانەوەی ئەو لەشکرکێشییەی ڕوسیا کە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە، بەڵام ئەم وڵاتانە تا ئێستا ئامادە نەبون ئەو کارە بکەن.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، ڕیشی سەناک، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا و مارک ڕوتی هاوتا هۆڵندییەکەی، بەڵێنیاندا کە "هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی" دروست بکەن بۆ دابینکردنی فڕۆکەی جەنگی بۆ ئۆکرانیا وەک پشتیوانییەک بۆ هێزی ئاسمانی ئەو وڵات.
سەرۆک وەزیرانی بریتانیا باسی لەوەکردبو، وڵاتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی کۆلێژێکی فڕۆکەوانی بۆ ڕاهێنانی فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان، هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنساش پێشنیاری کرد، بەڵام ناردنی فڕۆکەی جەنگی بۆ کیێڤ ڕەتکردەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە