پەیامی کورد ... سینەم بەدرخان، كچی بنەماڵەی بەدرخانیان، كە یەكەم رۆژنامەی كوردی لەسەر دەستی بنەماڵەكەیان درچوێندراوە، رایگەیاند : ئەم رۆژنامەیە دەستكەوتێكی گرینگ و نوێ و زێڕین بوو لە مێژووی گەلی كورددا و دەشڵێ، دەبێ ئامانجی رۆژنامەگەریی كوردی، یەكڕیزی و تەبایی بێت.
بەر لە ١٢٢ ساڵ و لە ٢٢ـی نیسانی ١٨٩٨ـدا، لە قاهیرەی پایتەختی میسر و بۆ یەكەم جار لە مێژووی گەلی كورددا، رۆژنامەیەك بە ناوی رۆژنامەی''كوردستان'' لە دایك بوو.
رۆژنامەی كوردستان لە كاتێكدا دەركرا، كورد لە ژێر زوڵم و ستەمێكی زۆردا بوو و ئەم رۆژنامەیەش توانی خەمی گەلێكی ژێردەستە بخاتە نێو لاپەڕەكانی مێژووی رۆژنامەگەرییەوە.
سینەم بەدرخان، كچی بنەماڵەی بەدرخانیان، رایگەیاند: "ئەو رۆژنامەیە گرینگییەكی زۆری هەبوو بۆ كوردان، چوونكە لە كاتێكدا دەرچوێندرا كە سێ چارەكی دنیا نەخوێندەوار بوون، كە لە قاهیرە چاپ كرابوو، ئەمەش دەریدەخات كە كورد لە وڵاتەكەی خۆیان دەركرابوون، بەڵام زانست و مەعریفە هەمیشە لە ناخیاندا بوو و توانییان لە وڵاتانی بێگانەدا لە بەرانبەر هەموو ئاستەنگی و رێگرییەكاندا، رۆژنامەیەك دەربكەن".
بەدرخان گوتیشی: "ئەمە جێگای شانازییە بۆ خۆم و تەواوی گەلی كورد، چونكە ئەم رۆژنامەیە بۆ هەموو گەلی كوردستان بوو، لە ماڵبەتەكەشماندا هەموو ئامانجێكیان ئەوە بوو دەنگی كپی كوردان بە جیهان بگەیەنن".
"پێویستە رۆژنامەگەریی ئێستای كوردی خزمەت بە گەلەكەمان بكات و دەبێ ئامانجیشی ئەوە بێت، كە لە ئێستادا هانی كورد بدات تا هەموویان یەكڕیز و یەكگرتوو و تەبا بن، دایكم هەمیشە بە ئێمەی دەگوت، یەكێتی و برایەتی كوردان بە من بدەن، منیش كوردستانێكی ئازاد بە ئێوە دەدەم". سینەم خان وای گوت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە