پەیامی کورد... نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە مەترسییەکی گەورەی زیرەکیی دەستکرد رادەگەیەنێت
کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە "مەترسیی گەورەی" زیرەکیی دەستکرد دەدات و دەڵێت، "ئەو زیرەکییە هەڕەشە لە ماف و شکۆی مرۆڤ دەکات."
لەمبارەیەوە ڤولکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکیدا کە بەپەلە رەوانەی چەندین حکومەت، دامەزراوە، کۆمپانیا و کەسایەتییەکانی کردووە، هۆشداری لە مەترسییەکانی پێشکەوتنی زیرەکیی دەستکرد دەدات و دەڵێت، "ئەو پێشکەوتنە گەورەیە کە لە کەرتی زیرەکیی دەستکرد دا کراوە، زیانێكی گەورە بە مرۆڤایەتی دەگەیێنێت و داوا دەکات سنوور لەسەر شێوازی بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆجیایە دابنرێت."
ئاماژەی بەوەشكردووە : "شکۆی مرۆڤ لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە"، داواشی لە گەورە کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان و حکومەتی چەندین وڵاتی جیهانی کرد، "پێکەوە کار بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە."
ئەوەشی وتوە: یەکێک لە مەترسییەکان "بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکردە لە بواری سەربازی"، ئەو هۆشدارییەی تورک هاوکات بوو لەگەڵ پەیامی دەیان وڵاتی جیهان بۆ هەردوو وڵاتی ئەمریکا و چین لە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆجیایە لە بواری سەربازی کە پێیانوایە "ئەنجامی زۆر خراپی بۆ مرۆڤایەتی دەبێت."
هاوكات لە راگەیێندراوێکیاندا کە زیاتر لە 60 وڵاتی جیهان واژۆیان کردووە، هۆشدارییان داوە لە کاریگەرییەکانی زیرەکیی دەستکرد کە پێیانوایە بەرپرسیارێتیی مرۆڤایەتی کەمدەکاتەوە یان ناهێڵێت.
جێی باسە زیرەکیی دەستکرد لەنێو هەموو جومگەکانی ژیانی مرۆڤ بڵاوبووەتەوە لە تەلەفۆنی زیرەک، تەندروستی، ئاسایش و سەتان بواری دیکە، ئێستا ئەو تەکنەلۆجیایە بووەتە جێگەی ململانێی گەورە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا، بەتایبەتی مایکرۆسۆفتی ئەمریکی کە بە دەیان ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە سیستەمی زیرەکیی دەستکرد ناسراو بە " چات جی پی تی" کردووە.
پێشکەوتنی زیرەکیی دەستکرد هانی یەکێتیی ئەوروپای داوە کار لەسەر یاسایەک بەناوی "ئەی ئای ئاکت،" واتە یاسای زیرەکیی دەستکرد" بکات، تایبەت بە رێکخستنی بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆجیایە کە بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی 2024 دەربکرێت و دوای چەند ساڵێکی کەم بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە