پەیامی کورد... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد
سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد و باڵیۆزی ژاپۆن ڕایگەیاند، سەقامگیری و ئارامی هەرێمی کوردستان بە لای وڵاتەکەیەوە بابەتێکی گرنگە و جێی بایەخە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی ئابی ٢٠٢٢، لە سەلاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە سوزیکی کۆتارۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا کە ئاراکاوا میکیهیرۆ، کونسوڵی گشتیی ژاپۆن لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی ژاپۆن وێڕای ئاماژەدان بە خەباتی گەلی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی، ستایشی ڕۆڵی جەنابی بارزانیی نەمر و سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد بۆ هەوڵەکانیان لە مسۆگەرکردنی ماف و دەستکەوتی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان".
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق ئەوەی دووپات کردەوە، "سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، بەلای وڵاتەکەیەوە بابەتێکی گرنگە و جێگەی بایەخە، هەروەها کورتەیەکی لەبارەی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و شوێنەکانی تری عێراق خستە ڕوو کە پەیوەست بوو بە بابەتی خزمەتگوزراییە گشتییەکان و دابینکردنی ئاو و کارەبا. سەرۆک بارزانییش سوپاسی باڵیۆزی ژاپۆنی کرد و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا گەشەی زیاتر بکەن".
بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو و سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە خوازیارە و ئامادەیە هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە