سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندێكی باڵای هێزی هاوپەیمانان كۆبوونەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان  و شاندێكی باڵای هێزی هاوپەیمانان كۆبوونەوە

پەیامی کورد    ...    مەسروور بارزانی، پێشوازی لە شاندێكی باڵای سەربازیی هێزی هاوپەیمانان كرد و، لە دیدارێكدا پێشهات و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە بە گشتی تاووتوێ كرا.

ئەمڕۆ دووشەممە 1/7/2019، مەسروور بارزانی، راسپێردراوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی باڵای سەربازیی هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی جەنەڕاڵ گرنك ویچ، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی گشتی تیمی هاوبەشی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان لە عێراق و سووریا كرد.

لەم دیدارەدا، پێشهات و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە بە گشتی و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانان تاووتوێ كرا.

لە میانەی دیدارەكەدا، مەسروور بارزانی، وێڕای ئاماژەدان بە رۆڵ و كاریگەریی هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و بەدەستهێنانی دەسكەوتە سەربازییەكان، دووپاتی لە پێویستی بەردەوامی ھەماھەنگی ھەمەلایەنەی نێوان هێزەكانی هەرێمی كوردستان و  هاوپەیمانان كردەوە.

لە بەرامبەردا  شاندی باڵای هاوپەیمانان، وێڕای سوپاسكردنی هەرێمی كوردستان بۆ هەماهەنگییەكان، هیوای سەركەوتنیان بۆ مەسروور بارزانی خواست لە سەرۆكایەتیكردنی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دووپاتیشیان كردەوە، كە بەردەوامیی هەماهەنگییەكان رۆڵی خۆی دەبینێت لە پاراستنی دەستكەوتەكان و رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستان.

هەر پەیوەست بەم بابەتە، جەخت لە جێگیركردنی میكانیزمی هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان كرایەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە