شاندەکەی هەرێم بۆ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بەغدا

شاندەکەی هەرێم بۆ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بەغدا

پەیامی کورد    ...    ئەمڕۆ یەکشەممە 24/11/2019 مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا  تایبەت بە پرسی نەوت و بودجەی 2020 کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا شاندی حکومەتی هەرێم دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو. شاندەکە ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا قوناغێکی گرینگ و پێشکەوتوویان بڕیوە و لە کەشێکی ئەرێنی بەڕێوەدەچن. شاندەکە ئەو پڕەنسیپانەی خستەڕوو کە لە ئەنجامی سەردانەکە گەڵالەبوون و دەبنە بنەمایەک بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بابەتەکانی پڕۆژە یاسای بوودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2020 بە جۆرێک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا لەبەرچاو بگیرێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت لە بەرامبەر پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان.

شاندەکە دووپاتی کردەوە کە پرۆسەی گفتوگۆ بە ڕێنمایی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هەردوولا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی باش لەسەر بابەتەکانی جێی گفتوگۆ و سبەی دووشەممە 25/11/2019 بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان شاندەکە دەچێتەوە بەغدا.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە