پەیامی کورد ... شاندی ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكەن
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق دوا گفتوگۆ دەربارەی پیلانی ستراتیژی بۆ داڕشتنی پڕۆژە بوودجەی سێ ساڵەی عێراق ئەنجامدەدەن.
زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاند: " ئهمڕۆ شاندی ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی دەچنەوە بەغدا و بڕیاره رۆژانی دووشەممە و پێنج شەممەی داھاتوو کۆبوونەوەکان لەسەر داڕشتنی ستراتیژیەتی پڕۆژە بوودجەی٢٠٢١ تا ٢٠٢٣ ئەنجامبدەن".
ووتیشی "ئەم کۆبوونەوانە دەبێتە دواهەمین کۆبوونەوەی ھەولێر و بەغدا لەسەر ئەو پرسە ئەگەر وەزارەتی دارایی کۆبوونەوەکان زیاتر درێژنەکاتەوە".
كۆبوونەوەكانی لیژنەی داڕشتنی بنەما ستراتیژییەكانی بوودجەی عێراق بۆ سێ ساڵی ئاییدە، لە ٣١-٨-٢٠٢٠ ەوە دەستیان پێكردووە. ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە پلانە ئابوورییەكە و نوێنەرانی ھەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكاندا بەشداربوون.
داڕشتنی ئەو بنەما ستراتیژییانە بۆ ئەوەیە لەڕووی ئابوورییەوە پلانێك دابڕێژرێت بۆ سێ ساڵی داھاتوو، کە جۆرێك لە سەقامگیریی ئابووری بێنێتە كایەوە.
جێگای ئاماژەدانە لە کۆبوونەوەی ھەفتەی رابردوودا ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ دەربارەی بنەماکانی ستراتیژی گشتی بوودجەی فیدراڵیی عێراق کرا بۆ ساڵەکانی 2021 تا 2023. لە کۆبوونەوەکدا وەزیری پلاندانان، روونکردنەوەی پێشکەش کرد و ئەنجوومەنی وەزیرانیش وەزارەتەکانی راسپارد، ھەماھەنگی لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان بکەن بۆ ئەو مەبەستە، تاوەکوو ھەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کاریگەری هەبێ لە داڕشتنی ستراتیژییەتی بوودجەی فیدڕاڵی بە ئاراستەی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە