پەیامی کورد... شهش هاووڵاتی كورد له زیندانی ناوهندی كهرهج له سێدارهدران
شەش هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە "تاوانی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر" لە زیندانی ناوەندیی شاری کەرەج لەسێدارەدران.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی یەکشەممە 14ی كانوونی دووهمی 2024، سزای لە سێدارەدانی لانیکەم شەش بەندکراوی کورد بە ناوەکانی ئەحمەد لەتیفی، ئەکبەر خوڕەمتاش، ئەمیرحوسێن مەلەکی، عەلی ئەکبەر مورادیان، هادی نەزەری و عەلی میری کە خەڵکی شارەکانی کرماشان، هەرسین و سەحنە بوون، لە زیندانی ناوەندیی شاری کەرەجی ئێران جێبەجێکرا.
بەندکراوەکان پێشتر بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرابوون و، لەلایەن دادگای شۆڕشی کەرەجەوە سزای لەسێدارەیان بۆ دەرکرابوو.
لە ساڵی 2023ـدا 823 بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون و، 151 کەسیان کورد بوون کە دەکاتە 18.34%ـی کۆی ئەوانەی لەسێدارەدراون.
هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەوە (01-01-2024)، لانیکەم سزای لەسێدارەدانی 19 بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێکراون.
بەپێی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوای چین، ئێران ساڵانە زۆرترین کەسی تیادا لەسێدارە دەدرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە