پێشوازی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لە شاندێکی کونسووڵخانەی " بەریتانیا "

پێشوازی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لە شاندێکی کونسووڵخانەی " بەریتانیا "

پەیامی کورد  ...  ، پێشوازیی لە شاندێكی كونسووڵخانەی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا كرد، كە پێك هاتبوو لە سارا مارش، بەرپرسی سیاسیی كۆنسووڵخانە و جۆنەسەن تان، ئەندامی بەشی كوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، سوپاسی بەردەوامی هاوكاری و پشتگیری گەل و حكوومەتی بەریتانیای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و، بە تێروتەسەلی باسی لە دواپێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ شاندی میوان كرد و ڕایگەیاند، پەیوەندیی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ هەنگاوی باش و ئەرێنی بڕیوە بەرەو ئاڕاستەی لێك تێگەیشتن و هەماهەنگی زیاتر بۆ چارەكردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا.

لە درێژەی ئەو دیدارەدا، هۆشیار سوەیلی دووپاتی هەڵوێستی جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانی كردەوە بۆ بەردەوامی گفتوگۆ بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاوی ئاشتییانە بو ئەو گرفت و هەڵانەی كە حكوومەتەكانی پێشوو بەرامبەر بە حكوومەت و گەلی كوردستان كردوویانە. دەربارەی پەیوەندیی ئێستای هەولێر و بەغداش، سیوەیلی گوتی، تێپەڕاندنی بەشەبوجەی كوردستان لە پڕۆژەی 2019ی بوجەدا، هەنگاوێكی باش بوو و لێكتێگەشتنی ئەرێنییش لە ئارادایە بۆ هەماهەنگی و ئیدارەدانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

لەسەر ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، سیوەیلی رایگەیاند كە پارتی دیموكراتی كوردستان باوەڕی تەوای بە گفتوگۆی بنیاتنەرانە هەیە لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریی كارا لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. "گفتوگۆ و بەشداریكردن، پێویستە لەسەر بنەمای ئەو متمانەیە بێت كە گەلی كوردستان بە پارتە سیاسییەكانیان بەخشیوە، بێگومان جیاوازیی بۆچوون هەیە، بەڵام ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەین بۆ ئەوەی كوردستانێكی بەهێز و پڕخزمەت بۆ هاووڵاتیان بنیات بنێین و درێژە بە گفتوگۆكانمان بدەین لەگەڵ ئەو پارتە سیاسییانەی كە ئێمە بە هاوبەشی خۆمانیان دەزانین لە بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەدا، هەمووانیش پێكەوە دەتوانین بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بپارێزین و حكوومەتێكی بەهێز و سەقامگیر دروست بكەین كە لە ئاستی داواكارییەكانی خەڵكی خۆماندا بێت".

 سارا مارش، سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و رایگەیاند، سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و حكوومەتێكی بەهێز، كە پێكهاتەی ئەو لایەنانە بێت كە بەرنامەی كاری حكوومەتێكی سەقامگیریان هەیە، بۆ هەموو لایەك گرنگە. بەردەوامی سەقامگیری و بەرەوپێشەوەچوونی پڕۆسەی گەشەسەندنی ئابووری و سیاسی و دیموكراسی گرنگە، بۆیە "هانی هەموو لایەك دەدەین بەردەوام كار بۆ بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بكەن، ئێمە خاوەنی بەرژەوەندی هاوبەشین چ لە شەڕی دژ بە تیرۆر و چ لە گەشەسەندنی ئابووری و دیموكراسی، بۆیە هیوادارین لە ماوەیەكی نزیكدا ببینین دانوستانەكان دەست پێبكەنەوە و حكوومەتی نوێی هەرێم دەستبەكار بێت".   

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە