نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى چەند لایەنێکى سیاسى دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى چەند لایەنێکى سیاسى دەکات

پەیامی کورد       ...    نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى چەند لایەنێکى سیاسى دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 2021/6/29 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى بەرنامەى دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستاندا، سەردانى هەریەک لە پارتى کرێکاران و ڕەنجدەرانى کوردستان، حزبى شیووعی کوردستان و حزبى زەحمەتکێشتانى کوردستانى کرد.

لە کۆبوونەوەکاندا کە موستەفا سەید قادر جێگرى سەرۆک ئامادەى بوو، دۆخى ناوخۆ و تەحەدییەکانى ئێستا و داهاتووى بەردەم هەرێمى کوردستان، پێشهاتەکانى عێراق بەگشتى، یەکڕیزى و نووسینى دەستوور، پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵى عیراق، تاوتوێ کران.

لایەنە سیاسییەکان پێزانینیان بۆ ڕۆڵى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان وەک چەترى کۆکەرەوەى هەمووان و هەوڵەکانیان بۆ یەکڕیزیى نێوان لایەن و پێکهاتەکانى کوردستان دەربڕى و دووپاتیان کردەوە کە گەرەنتیى پاراستنى ماف و دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان و تێپەڕاندنى سەختییەکان، تەبایى و یەکڕیزی لایەن و پێکهاتەکانى کوردستانە.

وێڕاى خستنەڕووى بۆچوون و تێبینییەکانیان لەسەر تەواوى پرسەکان و دۆخەکە بەگشتى، لایەنە سیاسییەکان هەموو هاوکارى و پشتگیرییەکیان بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و سەرۆکایەتى لەپێناو تەبایى و یەکڕیزیدا دووپات کردەوە و هاوڕا بوون کە دەبێ هەمووان بە یەکڕیزى و تەبایى و چارەسەرى کێشەکان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن، ڕووبەڕووى دۆخەکە و تەحەدییەکان ببنەوە و سەقامگیری سیاسى بپارێزرێت.

لاى خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بە هاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوەکان و لایەن و پێکهاتەکاندا لە هەوڵەکانى بۆ یەکڕیزى و تێپەڕاندنى کێشە و قەیرانەکان بەردەوام دەبێت. هەروەها سوپاس و پێزانینى بۆ پشتگیری لایەن و پێکهاتەکان لە هەوڵ و هەنگاوەکانى سەرۆکایەتى دەربڕى و جەختى لەوە کردەوە کە هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە بە لانەى پێکەوەژیان و پاراستنى ئازادییەکان دەمێنتێتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە