گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی ـ هەڵەبجە ڕای دەگەیەنێت شەوی ڕابردوو لەلایەن چەند ماتۆڕسوارێكەوە تەقە لە نووسینگەی سەتەلایتی (كوردستان تیڤی) لە سلێمانی کراوە، بەڵام زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.
عەتا شێخ حەسەن، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی ـ هەڵەبجە، لە ڕاگەیەندراوێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند "كاتژمێر 10:15 خولەكی شەوی ڕابردوو، لەلایەن چەند ماتۆڕسوارێكەوە تەقە لە نووسینگەی سەتەلایتی كوردستان تیڤی لە سلێمانی كراوە، بەڵام كارمەندان و پاسەوانانی نووسینگەكە سەلامەتن و تەقەكان زیانی گیانی بەدواوە نەبووە".
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە "ئێمە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی ـ هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لیژنەی ئەمنی شار و بەرپرسانی ئاسایش و پۆلیس بەرامبەر پاراستنی ئاسایشی سیاسی و كۆمەڵایەتی و پاراستنی بارەگاكانمان بە بەرپرسیار دەزانین".
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ئاشكراشی كردەوە "لەسەر ڕووداوەكە شێخ ئەدهەم بارزانی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە پارێزگاری سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە كردووە و بەڵێنیان پێداوە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەكە بكەن و هەڵوێستی پێویست بگرنەبەر".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە