پەیامی کورد … سنووری پێنجوێن لە لایەن ژمارەیەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بوردمان کرا
ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەند گوندێکی سنووری شارۆچکەی پێنجوینیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بۆردومان کرد.
بەپێی گوتەی زانا عەبدولڕەحمان، قایمقامی پێنجوین، کە لێدوانی بۆ (کوردستان 24) داناوە، فڕۆکەکان گوندەکانی کانی میران، هۆمەرەسێنان و وریائاوایان بۆردومان کردووە.
زانا عەبدولڕەحمان هەروەها رایگەیاندووە: بۆردومانەکە کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 24-8-2021 بە ”ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان“ کراوەتە سەر گوندەکان.
هەروەک قایمقامی پێنجوین رایگەیاندووە، بۆردومانەکان هیچ زیانێکی مرۆییان لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوچە بۆردومانکراوەکان زەوی کشتوکاڵی و لەوەرگەی ئاژەڵن، ترس و دڵەڕاوکێ لای خەڵکی سنوورەکە دروست بووە.
قایمقامی پێنجوین ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو شوێنانەی بۆردومان کراون هیچ بارەگایەکی سەربازیی هیچ لایەنێکی لێنییە و هێشتا هۆکاری بۆردومانەکە و لایەنی ئەنجامدەری، ئاشکرا نەبووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە