پەیامی کورد ... سەرجەم کەمپەکانی دیالە دادەخرێن
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم كەمپی ئاوارەكانی پارێزگای دیالە دادەخرێت و ئاوارەكان دەگەڕێنرێنەوە ناوچەكانی خۆیان.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەران رایگەیاندووە، كەمپی ئەڵوەند كەرڤانی سەر بەقەزای خانەقین داخرا و ٩٣ خێزانی ئاوارە كە ٥٨٦ كەس بوون گەڕانەوە ناوچەكانیان، ئەوەش وەك بەشێك لەپلانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران كە رێكیخستبوو، كارمەندانی وەزارەت و پارێزگای دیالە لەهەوڵدان بۆ سەرخستنی پلانی وەزارەت بەئامانجی گەڕاندنەوەی سەرجەم خێزانە ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، كەمپەكان هەزار و ٩٠٠ خێزانی ئاوارەی تێدایە كە ١١ هەزارو ٤٠٠ كەس دەبن، بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان دەگەڕێنرێنەوە ناوچەكانیان.
لەدوای هاتنی رێكخراوی داعش بۆ عێراق لەساڵی ٢٠١٤، چەندین خێزان لەناوچەكانی عێراقەوە بۆ پاراستنی خۆیان لەهێرشەكانی چەكدارانی داعش ئاوارەی ناوچەكانی هەرێمی کوردستان بوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە