بڕیاری کۆتایی دەربارەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەدرێت

بڕیاری کۆتایی دەربارەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەدرێت

پەیامی کورد    ...   هەولێر و بەغدا لە رێککەوتنی کۆتایی نزیک بوونەتەوە و بە گوێرەی زانیاری سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت.

١٨ی مانگی رابردوو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردوو لەگەڵ حکوومەت و لایەنە سیاسییەکان کۆبووەوە، ئامانجی سەردانەکەیشی لە ھەمبەر گۆڕانکاری و رووداوەکانی عێراق و ناوچەکە بوو، بە تایبەت تاوتووکردنی ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراق و پرسی بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق.

هاوكات لەسەر پرسی بوودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق و رادەستکردنی نەوتی ھەرێم بە بەغدا، حکوومەتی ھەرێمى كوردستان شاندێکی پێکھێنا، لە دوای چەند سەردانێکی شاندەکەش بۆ بەغدا، ھەردوولا رێککەوتن کە ھەرێمی کوردستان رۆژانە ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکوومەتی ناوەند بکات و، لە بەرانبەریشدا عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت و ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەو پێیەش ١٢.٦٧%ی بوودجەی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا، رایگەیاند، کە رێککەوتن لە نێوان شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدادا کراوە، ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ به‌غدا تاوتووی رێککەوتنەکە دەکەن و بڕیاری کۆتایی لەو بارەوە دەدرێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە