ئەندامێکی سڕکراوی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەهۆی چوونی بۆ نێو لیستێکی عەرەبیی عێراقییەوە، پاکانە بۆ خۆی دەکات و هێرش دەکاتە سەر لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی.
پاش ئەوەی دوێنێ سێشەممە 17/4/2018، بڕیاری سڕکردنی ئاڵا تاڵەبانی بە فەرمی ڕاگەیاندرا و داوای لێکرا موڵک و ماڵەکانی یەکێتی بۆ حزبەکە بگەڕێنێتەوە.
ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سڕکراوی سەرکردایەتیی یەکێتی، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوی کردووەتەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەبێ ئەوەی دەنگی پێویستی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی بەدەست هێنابێت، واژۆی لەسەر بڕیاری سڕکردنەکەی کردووە.
لەبارەی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی یەکێتیش، ئاڵا تاڵەبانی ئاشکرای کردووە کە ئۆتۆمبێلێکی حزبەکەی لایە.
ئاڵا تاڵەبانی کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام دژی هەرێمی کوردستان و خەونی سەربەخۆیی کوردستان وەستاوەتەوە و لە کاتی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی نێو حزبەکەیدا، سەنگەرەکانی حەشدی شەعبی بەسەر کردووەتەوە، هێشتا خۆی بە ”سەربەرز“ دەزانێت و دووپاتی دەکاتەوە کە لە داهاتووشدا لەسەر ئەوە بەردەوام دەبێت کە لە ڕابردوو کردوویەتی.
ئاڵا تاڵەبانی لە ڤیدیۆکەدا یەکێک لە سەرانی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستەکەی خۆی ناو دەهێنێت و دەڵێت: ”کاکی کارگێڕ بۆی نییە موحاسەبەی من بکات، دەبێ لێژنە لەسەر مەلا بەختیار دروست بکرێت، چونکە مەلا بەختیار بەڵگەی لەسەر هەیە و بەڵگەکانیش لای لاهوور جەنگییە“.
سەبارەت بە چوونی بۆ نێو لیستێکی عەرەبیی شۆڤێنییەکانی عێراقەوە، ئەو ئەندامە سڕکراوەی یەکێتی پاکانە بۆ خۆی دەکات و دەڵێت: ”من نەچوومەتە نێو حزبێکی دیکە، چوومەتە نێو ئیئتیلافێکی نیشتمانییەوە بۆ هەڵبژاردن، بە ئاگاداریی هێرۆ ئیبراهیم و ماڵی جەلال تاڵەبانی و بەشێک لە سەرکردایەتی ئەمەم کردووە“.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە