پەیامی کورد … تەرمی خانمە بێژەرێکی کورد لە تاران دۆزرایەوە
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە تەرمی ئازادە نامداری بێژەری پێشووی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران کە کوردێکی خەڵکی کرماشانە لە ڕۆژئاوای تاران و لەناو شوقەکەی دۆزراوەتەوە.
پۆلیسی ڕۆژئاوای تاران و ناوەندی فریاگوزاری مەرگی "ئازادە نامداری"یان پشتڕاست کردووەتەوە.
ماڵپەڕی (ئیسنا) لەمبارەوە لەزاری باوکی "ئازادە نامداری"یەوە ئاشکرای کردووە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر کچەکەی لەناو شوقەکەی گیانی لەدەست داوە، بەڵام ئاماژەی بە کوژران، یان وردەکاریی دیکە نەکردووە.
خانمی نامداری لە تەلەفزیۆنی فرمیی ئێران بەرنامەی "تازەها"ی هەبووە و بەو بۆنەوە ناوبانگی دەرکردووە.
ئازادە نامداری پێنج ساڵ پێش و پاش چەند ساڵ دووری لە کاری بێژەری لە تەلەفزیۆنی ئاپارات بەڕیوەبەری بەرنامەی "ئابان" بووە.
هەشت ساڵ پێش لەگەڵ فەرزاد حەسەنی بێژەر و ئەکتەری تەلەفزیۆنی ئێران زەماوەندی کرد، بەڵام پاش یەک ساڵ جیا بووەوە کە ئەم جیابوونەوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.
ئازادە نامداری جارێکی دیکە ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە، ئەو خانمە بێژەرە لە بەرنامەکانی هەموو کات بە سەرپۆشەوە دەردەکەوت، بەڵام چوار ساڵ پێش بڵاوبوونەوەی چەن وێنەیەکی بێ سەرپۆشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە