گەورەترین هەڵەی مێژوو بەرامبەر بە یەزیدییەکان ئاشکرا دەکات

گەورەترین هەڵەی مێژوو بەرامبەر بە یەزیدییەکان ئاشکرا دەکات

پەیامی کورد     ...    گەورەترین هەڵەی مێژوو بەرامبەر بە یەزیدییەکان ئاشکرا دەکات 

بەرپرسی نووسینگەی ڕفێنراوانی کوردانی ئێزدی لە پارێزگایی دهۆک دەڵێت، دەستگیرکردنی ئەو داعشانە لە بەرەکانی شەڕدا لە ڕۆژئاوای کوردستان خۆی لە خۆیدا قورسایی بوو بۆ ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەنی ئابووری و ئەمنییەوە، ئەم هەموو تیرۆریستەی جیهان دەبووایە پارێزگارییەکی گەورەیان لێ کرابا، ئەمەش وەک تەجرووبە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان قورسە.

حسێن قائیدی، ڕایگەیاند : ''دەبووایە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و سووریا لە هەموو ڕوویەکەوە خۆیان کردبایە خاوەنی ئەم کەیسە، بەڵام خۆیان نەکردووەتە خاوەن، پێویست بوو ئەم تیرۆریستانە هەموویان وەک بەڵگەی تاوانەکانیان لە عێراق و سووریا چووبانە بەردەم دادگا بۆ بڕیارەکانی جینۆساید، بەڵام تا ئیستا لەم وڵاتانە بڕیار و ماددەکانی جینۆساید نییە، تەنیا بڕیار و ماددەی تیرۆریستی لە دادگاکانیاندا هەیە.''

قائیدی ئاماژەیشی دا: ''هەمووی ئەو کەسانەی ئازاد کراون لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و لە بەرەکانی جەنگی داعش دەستبەسەر کراون، کەواتە خۆی لە خۆیدا داعشن، یان هاوکاری داعشیان کردووە، بۆیە دەبووایە هەمووی ئەمانە چووبانە بەردەم دادگا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەموو زانیارییەکیان لێ وەرگرتبان بۆ ئەوەی دادگای تاوانی نێودەڵەوتی سوودی لە بەڵگەی ئەو تاوانانە دیتبا کە ئەوان کردوویانە. ئازادکردنی ئەم کەسانە دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی تر لە ڕۆژئاوای کوردستان داعش خۆی ڕێک بخاتەوە و جارێکی تر داعش سەرهەڵبداتەوە."

سەبارەت بەوەی کە هیچ لێکۆڵێنەوەیەک لەگەڵ ئەم ٦٣١ داعشەدا نەکراوە، چەند کاریگەری دەکاتە سەر بێهێزکردنی کەیسی ئێزدییان بۆ بەجینۆسایدناساندنی، قائیدی دەڵێت: "دەبووایە لە کاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا کەسێکی ئیزدی لە نووسینگەکەمان لەگەڵیان ئامادە بووایە بۆ ئەوەی هەر زانیارییەک هەبووایە سوودی لێ وەرگرتبا، ئەگەر لەو هەموو داعشانەی ئازاد کراون ئێمە سوودمان لە ئازادکردنی هەندێک کەسی ئێزدی دیتبا ئەوا هەنگاوێکی باش بوو."

ووتیشی: "لە هیج بڕیارێکی دنیادا نییە بە یەک جار ٦٣١ کەس و بەو ژمارەیە ئازاد بکرێت، چونکە ئەم کەسانە هەرکەسە جۆرێک تاوانی هەبوو بۆیەش دەبووایە ئەمە هەنگاو بە هەنگاو بووایە و قۆناغ بە قۆناغ تێ پەڕیبووایە، ئەمەش ناڕەزایی کەسانی ڕفێنراوی بەدوای خۆیدا هێنا."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە