پەیامی کورد... سوریا گەڕایەوە کۆمکاری عەرەبی
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە رەزامەندی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی راگەیاند.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەکردوە، "لە کۆبونەوەیەکدا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی ڕێککەوتن لەسەر گەڕانەوەی سوریا بۆ شوێنی خۆی لە کۆمکاری عەرەبی".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو دیپلۆماسیەتی دیالۆگ و هەوڵەکانی یەکگرتنەوەی عەرەبی کە عێراقیش پەسەندیکرد، هەوڵێکی ڕاستەقینەی هەبو بۆ گەڕاندنەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی".
ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی کۆبونەوەیەکی بەپەلەیان لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە قاهیرە ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی مەلەفی سوریا، لەکاتێکدا کەمتر لە دو هەفتە ماوە بۆ بەڕێوەچونی کۆبونەوەی لوتکەی عەرەبی لە شاری جددەی پایتەختی سعودیە، کە لە 19ی ئایاردا بەڕێوەبچێت.
کۆمکاری عەرەبی لە کۆبونەوەیەکی بەپەلەدا کە لە مانگی تشرینی دوەمی 2011 لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە داوای کردبو، ئەندامێتی دیمەشقی لە کۆمارەکە هەڵپەساردبو، بە رەزامەندی 18 وڵات، لە کاتێکدا سێ وڵات، سوریا، لوبنان و یەمەن ناڕەزایەتیان دەربڕی و عێراقیش لەوکاتەدا خۆی لە بڕیاردان بەدورگرت.
لەوکاتەدا سزای سیاسی و ئابوری بەسەر سوریادا سەپێندرا، بەهۆی توندوتیژی لەڕادەبەدەر بەرامبەر خۆپیشاندەران کە لە وڵاتەکەدا سەریهەڵدا، لەوکاتەدا مەرجی ئەوە دانرابو کە دیمەشق بەڵێن بدات پلانی کارکردنی عەرەبی کە لەوکاتەدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا خراوەتەڕو، بە تەواوی جێبەجێ بکات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە