پەیامی کورد ... چوارچێوەى هەماهەنگی لە عێراق هۆشداری سەرهەڵدانى "شۆڕشێکی گشتگیر" دەدات
چوارچێوەى هەماهەنگی لە عێراق هۆشداری سەرهەڵدانێکى "شۆڕشێکی گشتگیر" دا دژى ئەو ڕەوشە سیاسییەى ووڵاتەکەى تێدا چەقیوە، چوونکە ئەنجامێکى نەرێنی لەسەر ڕەوشى سیاسی و ئابووری و هاووڵاتیان درووست کردووە.
ئەو هۆشدارییەش یەکەم لێدوانى فەرمی ئەو گرووپە سیاسییەیە کە کۆماری ئیسلامی پاڵپشتى دەکات و زۆربەى لایەنە سیاسییە شیعەکانى بەرەى تاران لە خۆ گرتووە و، وەک ووڵامدانەوەیەکیش بوو بۆ لێدوانەکەى رێبەرى ڕەوتى سەدر کە فراکسیۆنەکەى لە کۆى ٣٢٩ کورسی پەرلەمان ٧٣ کورسی لە ئەنجوومەنى نوێنەران بە دەست هێناوە.
پێشتر موقتەدا سەدر، وەک پێشنیارێک بۆ گرووپى نەیارە سیاسییەکەى مووڵەتێکى ٤٠ رۆژى بە چوارچێوەى هەماهەنگی بەخشى بۆ ئەوەى کار لەسەر پێکهێنانى حکوومەتی نوێ بەبێ بەشداریی فراکسیۆنەکەى بکەن، بەڵام لە چەند رۆژى رابردووش دیسانەوە داواى لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان کردووە لە ماوەى ١٥ رۆژ کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتى حکومەت دەستنیشان بکەن. مەرجەکەى سەدر، بریتی بوو لەوەى ئەو پەرلەمانتارانە هاوپەیمانییەکى ٤٠ پەرلەمانتاری پێک بهێنن و خۆشى پاڵپشتیان دەکات لە پرۆسەکەیان و، دەستبەرداری پشکی خۆشى دەبێت لەو حکومەتە.
بۆیە ئەو گرووپەى نزیک لە ڕژێمەکەى تاران پێیان وایە "هەڵوێستەکەى رێبەرى ڕەوتى سەدر، ڕەتکردنەوەیەکى روونى دەستپێشخەرییە سیاسییەکەیانە کە یەکەمجار پێشکەشی کراوە کە تایبەت بووە بە پێکهێنانى گەورەترین فراکسیۆن لەنێو شیعەکان". لەو بارەیەوەش ئەندامێکى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا، کە لە لایەن نووری مالکی سەرۆکوەزیرانى پێشووتر ڕابەرایەتى دەکرێت و بەشێکى سەرەکی چوارچێوەى هەماهەنگییە، هیماى بەوە کردووە "تویتەکەى ئەمدواییەى سەدر و دەستنیشانکردنى سێ لایەن بۆ چارەسەرى قەیرانە سیاسییەکە، تەنها ڕەتکردنەوەیەکى روونى دەستپێشخەرییەکەیانە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە