زامنی پاراستنی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان ڕێکەوتنی پارتی و یەکیتی ن

زامنی پاراستنی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان ڕێکەوتنی پارتی و یەکیتی ن

پەیامی کورد  ...  سیاسەتمەدارێكی كورد دەڵێ، ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی، زامنی پاراستنی حوكومڕانی هەرێمی كوردستانە، هاوكات ئەندامێكی پێشووتری پەرلەمانی كوردستانیش پێیوایە، هیچ شتێك بەدیلی رێككەوتن نییە و پێویستە لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ رێكبكەون.

دكتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری كورد، ڕایگەیاند، ڕێككەوتنی هێزە سیاسییەكانی كوردستان زۆر گرنگە، بەو پێیەی كە میللەت ئارامی و بەرقەراری و خۆشگوزەرانی دەوێت، هەر یەك لەوانەیش بە ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنی حزبەكان دێتە ئاراوە. هەروەها عەبدولسەلام بەرواریش باوەڕی وایە، رێككەوتنی لایەنەكان هۆكارێك دەبێت بۆ هەرچی زووتر پێكهێنانی كابینەی نوێ، كە ئەوەش لە قازانجی میللەتدا دەبێت.

لە دوای سەردانەكەی شاندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی كۆسرەت رەسووڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ لای سەرۆك بارزانی، مەكتەبی سیاسی هەردوولا كۆبوونەوە، مەحموود عوسمان پێی وایە، كە ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی بۆ كوردستان زۆر گرینگە، ئەویش‌ بۆ ئیدارەدان و حكومڕانیی هەرێمی كوردستان. عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێ، هەموو ئەو خاڵانەی كە پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەری رێككەوتوون، بەرنامەیەكی هاوبەشە، بە هیوایشە هەموو لایەنەكان لەگەڵ یەكدی رێكبكەون، چوونكە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە، هاوكات وا دەكات حكوومەتی هەرێم زوو پێك بێت.

دكتۆر مەحموود، بە پێویستی دەزانێت‌ حیزبەكان بە گشتی و  بە تایبەتیش پارتی و یەكێتی ڕێكبكەون و نەرمی بۆ یەكدی بنوێنن بۆ ئەوەی‌ حكوومەت دروست بكەن، هاوكات دواتر لە‌بارەی ئەو خاڵانەی هەیانە و‌ ڕایان جیاوازە،‌ بە گفتوگۆ چارە‌یان بكەن.

بەرواری جەخت لە روونی پەیامی پارتی دەكاتەوە، كە دەیەوێت لەگەڵ لایەنەكاندا حكوومەتێكی بەهێز درووست بكات، بۆ ئەوەی كەس جارێكی دیكە دەست بۆ هەرێم درێژ نەكات، ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات، هیچ شتێك بەدیلی رێككەوتن نییە، دەبێت لایەنەكان هەر رێكبكەون و یەكێتی و لایەنەكانی دیكەش ئەو راستییە دەزانن.

نامەكەی سەرۆك بارزانی لە ماوەی ڕابردوو، كە بۆ كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی نارد، بە بۆچوونی دكتۆر مەحموود عوسمان، زۆر باش بووە و‌ تەواوی ئەو گرژیانەی ڕەواندو‌وەتەوە كە هەبوون، گوتیشی: "كاك مەسعوود بە ناردنی ئەو نامەیە دەستپێشخەرییەكی زۆر باشی كرد، چاوەڕێی هەنگاوی زیاتریش بۆ لێك نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی دەكرێت‌".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە