PeyamaKurd - ئەم لیژنەیە بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگری کردن لە زێدەڕەوی کۆبوووەوە
بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ،کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای" پاراستن و چاككردنی ژینگە" بۆ تووندکردنی ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگە و ڕێگریکردن لە زێدەڕەوی بەڕێوەچوو.
پێنجشەممە 2026.5.21، بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەڵگورد شیخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کۆبوونەوەیەکی فراوان و گرنگی لیژنەی باڵای" پاراستن و چاك كردنی ژینگە" لە دیوانی پارێزگادا بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، سەرجەم قائیمقامەکان، بەڕێوبەرە گشتییەکان، سەرۆکایەتی و بەرێوبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان، فەرمانگەی ژینگە، و فەرماندەکانی پۆلیس، پۆلیسی دارستان و بەرگری شارستانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سازکرا، بە ئامانجی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی تووند بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگری کردنی پێش وەختە لە هەر جۆرە زێدەڕەوییەک بۆ سەر موڵکی گشتی.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ ڕوونکردنەوەی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و ڕایگەیاند، جەنابی رێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخێکی تایبەت و پێشینە بەم دوو پرسە ( پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕەوی ) دەدات، ئاماژەشی بەوەکرد کە سەرۆکی حکوومەت لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی مەیدانی چاودێری ووردەکاری ڕێکارەکان دەکات و چاوەڕوانی ئەنجامی کاریگەر دەکات.
پاشان پوختەیەکی گشتگیری دەربارەی هەنگاوە گرینگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پاراستنی ژینگە، ئاو، و هەوادا خستەڕوو. هاوکات بە ڕاشکاوی تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی کە لەم ڕێگەیەدا دێنە پێشەوە و جەختی لەوە کردەوە کە جێ بەجێ کردنی سیاسەتی گشتی حکوومەت، بەرپرسیارییەتییەکی هاوبەشە و پێویستی بە هەماهەنگییەکی بەهێزتر هەیە لە نێوان سەرجەم دامودەزگاکاندا، بە شێوەیەک کە پاڵپشت بێت بە جێ بەجێ کردنی یاسا و ڕێنمایی یەكانی ( پاراستن و چاککردنی ژینگە)، لەم چوارچێوەیەدا، وەزیری ناوخۆ فەرمانی کرد کە دەبێت ئاستی ئەم هەماهەنگییە بۆ بەرزترین ئاست بەرز بکرێتەوە و قائیمقام و بەڕێوبەری ناحیەكان و بەرپرسانی دیكەی فەرمانگەكانی سنوورەكانیان بەرپرسیارن و دەبێت وەک یەک تیم كاربكەن بۆ پاراستنی ژینگە و بەدواداچوونی ڕۆژانە و بەردەوامیان هەبێت بۆ جێ بەجێ کردنی ڕێکارەکان.
هەروەها جەخت لەسەر ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی هۆشیاری هاووڵاتییان کرایەوە لە سەرخستنی هەر ستراتیژێکی ژینگەیی دا، ئاماژە بەوەش درا کە یاسا و پڕۆژەکانی حکوومەت بەبێ هاوکاری و هۆشیاری کۆمەڵگە ناتوانن ئامانجە باڵاکانیان بپێکن، بۆیە گۆڕینی ڕەفتاری ڕۆژانەی تاک بەرامبەر بە سرووشت، بەردی بناغەی پاراستنی ژینگەیە، لەو چوارچێوەیەش دا، کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر چەند خاڵێکی سەرەکی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی، لەوانە پەروەردەی ژینگەیی و ڕەنگدانەوەی چەمکەکانی ژینگەپارێزی لە پڕۆگرامەکانی خوێندن دا و هاوبەشی میدیا و ڕێکخراوەکانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ئەوە بێجگە لە بەرپرسیارییەتی هاوولاتییان لە شوێنە گەشتیاری و گشتییەکاندا بۆ پاک ڕاگرتنی هاوینەهەوارەکان، دارستانەکان، و سەیرانگاکانی کوردستان، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی بۆ پاراستنی سیمای جوانی سرووشتی كوردستان. بۆ ئەومەبەستەش سەرجەم لایەنەكان ڕاسپێردران، هەموو ڕێکارێکی تایبەت بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژینگە و سزادانی هەر کەسێک کە سەرپێچی لە یاسا و ڕێنمایی یەکانی پاراستنی ژینگە دەکات و سرووشتی کوردستان دەشێوێنێ.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کە تایبەت بوو بە پرسی بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لە زێدەڕەوی، تیشک خرایە سەر هەوڵە مەیدانییەکانی تیمەکانی پارێزگا و شارەوانییەکان و کارەکانی ڕابردوویان بەرز نرخێندرا، لەگەڵ ئەوەش دا ئاماژە بەوەدرا بۆ ڕێگركردن لە زێدەڕەوی، ڕێکاری تووند و یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو كەس و لایەنانە بگیرێتەبەر كە سەرپێچی و زێدەڕەوی دەكەنە سەر موڵكی گشتی.
هاوکات بە تووندی جەخت لەسەر بنەمای یەکسانی لەبەردەم یاسادا کرایەوە و بڕیار درا کە چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک نەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم یەكە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران ڕاسپێردران ڕێکاری یاسایی تووند و دەست بەجێ بەرامبەر هەر کەسێک و لایەنێك بگرنەبەر کە دوور لە یاسا و ڕێنمایی یە کارپێکراوەکان، هەوڵی داگیرکردن، شێواندن، یان زێدەڕەوی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی دەوڵەت دەدات.
دواتر، تیشکی خرایەسەر کارنامەی لیژنەكانی قائیمقامیەت و ناحیەكانی سنووری ئیدارەی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە بەپێی یاسا بەرکارەکان و ڕێنمایی یە ژینگەیی یەکان دەسەڵاتییان پێدراوە، لێبڕاوانە کار بکەن بۆ ڕێگری کردن لە هەر جۆرە زێدەڕەوییەک بۆ سەر سرووشت و موڵکی گشتی، و ڕووبەڕووبوونەوەی یاسایی ئەو سەرپێچی كارانەی زیان بە هاوسەنگی ژینگەیی دەگەینن، بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لە فەرمان و ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆکانی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە، کە پاراستنی ژینگە نابێت تەنیا لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی کاتی و وەرزی کورت بکرێتەوە، بەڵکوو ئەمە پڕۆسەیەکی بەردەوامی ڕۆژانە و درێژخایەنە کە پێویستی بە نەفسی درێژ و هەماهەنگی هەمیشەیی نێوان دامەزراوەکانی حکوومەت و هاووڵاتییان هەیە.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، دەرگا بۆ گفتوگۆی ئامادەبووان کرایەوە و بەشداربووان لە ڕوانگەی پسپۆڕی و بەرپرسیارییەتی خۆیانەوە، کۆمەڵێک سەرنج، تێبینی و پێشنیازیان خستە ڕوو، دوای هەڵسەنگاندنی ووردی سەرجەم پێشنیازەکان و بە مەبەستی وەرگێڕانی ڕاسپاردەکانی جەنابی سەرۆکی حکوومەت بۆ هەنگاوی کرداری، کۆبوونەوەکە چەند بڕیارێکی گرینگ و پێویستی وەرگرت.