PeyamaKurd - بۆ ساڵی تازەی خوێندن ٢٩ پەرتووکی نوێ ئامادە دەبن
بەڕێوبەری گشتی پڕۆگرام و چاپەمەنیەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ ساڵی داھاتوو ٢٩ پەرتووکی تازە تەواو دەبن بۆ ساڵی نوێی خوێندن و دەخوێندرێن.
ماموستا حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوبەری گشتی پڕۆگرام و چاپەمەنییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ووتی "لە چوارچێوەی گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی خوێندن پرۆسەکە بەردەوامە، بۆ ساڵی داھاتوو لە باخچە بۆ ئاستی یەکەم پەرتووکی کوردی و ئەلکترۆنیمان هەیە، پێنج ڕێبەریشمان ھەیە، بۆ ئاستی دووەمیش پێنج وەحدەمان ھەیە، وەکوو نیشتمانەکەم، باخچەکەم، ڕووەک، ئاژەڵ، ژینگە و دۆستەکانی ژینگە، ئەمانە لەگەڵ چل چیڕۆک بۆ ھەردوو ئاست لە باخچە بۆ ساڵی تازە ئامادەن، پەرتووکێکی دیکەشمان داناوە بۆ باخچە و دوو پەرتووکیش بۆ قوتابخانە ئینگلیزییەکان دانراوە، لە بازنەی یەکەم سەرجەم پاکێجەکان تەواو دەبن، کوردی، بیرکاری، زانست، ھونەر، ئاین و عەرەبیش سێ پەرتووکە تەواو دەبێت، بۆ بازنەی دووەم ئەمساڵ بیرکاری بۆ چوار، پێنج و شەش ئامادەن بۆ چاپ و زانست و کوردی پۆلی شەش و ڕێبەرەکانیش ئامادەن، ھونەری چوار، پێنج و شەشیش ئامادەن، لە بازنەی سێ ئەمساڵ زانستی ھەشت و نۆ لەگەڵ ھونەر و کۆمەڵناسی حەوت، ھەشت و نۆ، لەبازنەی کۆتایی بیرکاری وێژەیی و زانستی پۆلی ١١ و کیمیای پۆلی ١١ تەواو دەبن، پەڕتووکی کۆمەڵایەتی خۆی لە پۆلی چوار دەستپێدەکات تاوەکو پۆلی ١٢ بە ئابورییەکانەوە، پۆلی ١٠،١١و١٢ تەواوکراون، جوگرافیای ١٠و١١و١٢ و مێژووی ١٠و١١و١٢ و جینۆسایدی گەلی کورد و مافی مرۆڤ تەواوبوونە، ھەر پەرتووکێک بە پێنج زمان چاپ دەکرێت، کوردی سۆرانی و بادینی، ئەوە دووشێوەزار، زمانی عەرەبی، ئینگلیزی، تورکمانی و سریانی، پڕۆگرامی پیشەییش گۆڕاوە بۆ چوار بەش."
ماموستا حەسەن سەرتیپ جاف ووتیشی "ساڵی یەکەم ٣٢ پەرتووکمان گۆڕی، پاریش ٣١ پەرتووکمان گۆڕی، ئەمساڵیش ٢٩ پەرتووک دەگۆڕین، پرۆسەیەکمان دەست پێکردووە سەرجەم ئینگلیزییەکان دەگۆڕین، پەرتووکی پیشەیی یەکانیش ڕیفۆرم دەکەین بۆ ١٥ بەش، لە ھەولێر و لە پێنج باڵەخانە دەست پێ دەکەین، ئەویش بۆ ئێمە گرنگە، ساڵی تازە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، ئەوەی باسمان کرد بۆ ساڵی نوێ تەواو دەبێت، پرۆسەی گۆڕانکاری لە پرۆگرام تا ساڵی ٢٠٢٨ ھەمووی تەواو دەبێت، چوونکە پرۆسەیەکی درێژخایەنە و تا ئێستا لەسەرەتای ئەم کابینەیە ٦٠٠ ناونیشانمان گۆڕیوە و بەردەوامیش دەبین تا تەواو دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئێمەی دەستکراوە کرد، پرۆسەکەش لەژێر چاودێری وەزیری پەروەردە و بەسەرەپەرشتی بەندە بەڕێوە دەچێت."