بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسی پارتى پێشوازى لە شاندێکى باڵاى پارێزگاى بەغدا کرد

بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسی پارتى پێشوازى لە شاندێکى باڵاى پارێزگاى بەغدا کرد

PeyamaKurd - بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسی پارتى پێشوازى لە شاندێکى باڵاى پارێزگاى بەغدا کرد

 بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسی پارتى دیموکراتى کوردستان پێشوازى لە شاندێکى باڵاى پارێزگاى بەغدا کرد و لە دیدارەکەدا گۆڕانکاری و ئاڵنگاریەکانى قۆناغەکە و، پلان و بەرنامەى پارتى بۆ داهاتووى کار و ئامادەیى بەردەوام لە بەغدا و پشتگیری کردنى کابینەى عەلى زەیدى خرانە بەر باس.

 شەممە ڕێکەوتى ٢٠ی حوزەیرانى ٢٠٢٦، شاندێکى باڵاى پارێزگاى بەغدا بە سەرۆکایەتى (عەتوان عەتوانى) پارێزگارى شارەکە سەردانى مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانى له‌ پیرمام کرد و، لە لایەن (فازڵ میرانی) بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسی پارتى پێشوازییان لێکرا.

له‌دیدارەکەدا، کە هەڤاڵان هۆشیار زێبارى  و مەحموود محەمەد ئەندامانى دەستەى کارگێری و، هەڤاڵ عبدالمۆهیمەن بارزانى ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى و ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر ئامادەی بوون، پارێزگاری بەغدا و شاندی یاوەری سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرم و برایانەی کرد کە لەم سەردانەیاندا لەسەر ئاستە جیاجیاکان لێیان کراوە و ستایشتی پێشکەوتن و ئەزموونی هەولێر و هەرێمی کوردستانیان کرد کە جێگای خۆشحاڵی و سوود لێوەرگرتنە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش. دواتر جەخت لە گرینگى بەهێزکردنى پەیوەندى و هەماهەنگى نێوان دامەزراوەکان و پارێزگاکان کرایەوە، کە ئەمەش کاریگەرى ئەرێنى دەبێت بۆ نزیکى خەڵک و بەهێزترکردنى پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرییەکان. لەم سۆنگەوە ئەم سەردانەى شاندى پارێزگاى بەغدا بە  هەنگاوێکى گرینگ و پێویست زانرا.

لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا گۆڕانکاری و ئاڵنگاریەکانى قۆناغەکە و، پلان و بەرنامەى پارتى بۆ داهاتووى کار و ئامادەیى بەردەوام لە بەغدا و پشتگیری کردنى کابینەى عەلى زەیدى خرانە بەر باس و،  هەماهەنگى و گفتوگۆى بەردەوامى نێوان لایەنە سیاسییەکان و بەهێزى پەیوەندی نێوان خەڵک و سەرجەم پێکهاتەکان بە زەرورەت زانرا لە پێناو حوکمڕانییەکى باش و سەقامگیرى عێراق، هەروەها جەخت لە پاراستنى بنەماکانى بونیاتنانەوەى عێراقى نوێ کرایەوە بە بەشدارى سەرجەم پێکهاتەکان کە ئەمەش لە بەرژەوەندى ووڵات و پێکهاتەکان و هاووڵاتیان و چەسپاندنى پێکەوەژیان و پڕۆسەى دیموکراسی دایە.

لە کۆتاییدا، پشتگیرى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ ئەنجام دانى کۆنگرەى سەرجەم پارێزگاکانى عێراق کە وابریارە لە داهاتوویەکى نزیکدا ئەنجام بدرێت خرایەڕوو بەئومێدى گرتنەبەرى ئاراستەیەکى درووست و بێ جیاوازى لە خزمەتکردنى هاووڵاتیان و پێشکەش کردنى باشترین خزمەتگوزاری لەلایەن پارێزگا و دامەزراوەکانى دەوڵەت.