PeyamaKurd - بەڕێوبەری سووتەمەنی زانیاری نوێ سەبارەت بە دابەزینی نرخی بەنزین ئاشکرا دەکات
دوای بڕیاری فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگەپێدان بە هاوردەکردنی سووتەمەنی، نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێم دا دەستی بە دابەزین کردووە و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا نرخەکەی زیاتریش دابەزێت.
ئاری کاکەشین، بەڕێوبەری سووتەمەنی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت دا ووتی، "بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگەپێدان بە بازرگانان بۆ هاوردەکردنی بەنزین، هەنگاوێکی کاریگەر و گرنگ بوو بۆ شکاندنی نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا. هەر دوای دەرچوونی بڕیارەکە، ئەمڕۆ نرخەکان دابەزینیان بەخۆوە بینیوە."
بەرپرسەکەی سووتەمەنی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەرچەندە بازرگانان بڕی زیاتری بەنزین هاوردە بکەن، کێبڕکێی بازاڕ زیاتر دەبێت و نرخەکە زیاتر دادەبەزێت. جەختیشی کردەوە کە حکوومەت هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ سووک کردنی باری دارایی هاووڵاتیان و هەرزان کردنی سووتەمەنی.
سەبارەت بە دابەش کردنی بەنزینی بەشەوانە، ئاری کاکەشین ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و گوتی، "ڕۆژانە نزیکەی 700 هەزار لیتر بەنزین لەلایەن حکوومەتەوە دابین دەکرێت و بەنزینەکە لە ڕێگەی بەنزینخانە دەست نیشان کراوەکانەوە بە نرخی پاڵپشتیکراوی 750 دینار بۆ هەر لیترێک بە شوفێران دەدرێت.
بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر ئەوەشی نەشاردەوە کە زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێم بووەتە هۆی دروستبوونی فشارێکی زۆر لەسەر خواست، بەڵام بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە گوتی، "حکوومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەوڵەکانی، و ئێمەش وەک بەڕێوەبەرایەتی سووتەمەنی، بە نووسراوی فەرمی داوامان کردووە پشکی بەنزینی حکوومیمان بۆ زیاد بکرێت، تا بتوانین کۆنتڕۆڵی تەواوی نرخەکان بکەین و زیاتر دایبەزێنین."