PeyamaKurd - دەست بەسەرکردنی دوو ھاووڵاتی بە بەکارهێنانی تووندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێران ەوە
ئێوارەی پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردان، پووریا وەلیزادە، تەمەن ٢٢ ساڵ، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بیجار دەست بەسەر کراوە.
بە ووتەی چەندین سەرچاوەی ئاگادار، هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری لە یەکێک لە ڕێگا گشتییەکانی شاری بیجاڕ هێرشیان کردووەتە سەر ئەم گەنجە و دوای لێدانێکی تووند و بەکارهێنانی تووندوتیژی جەستەیی، بە زۆر سواری ئۆتۆمبێلیان کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
ھەروەھا ڕۆژی شەممە ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥، بێهنام مەولوودی، خەڵکی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەست بەسەر کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان كردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و پاش شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەی، دەست بەسەریان کردووە. هەروەها هەواڵەکان باس لە لێدانی ناوبراو لە لایەن هێزە ئەمنییەکان دەکەن.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەست بەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتنی ئەو دوو ھاووڵاتییە نییە.