PeyamaKurd - سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسووڵی ڕووسیا لە هەولێر کرد
ڕۆژی پێنجشەممە 16ی نیسانی 2026 سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ماكسیم ڕۆبین كونسووڵی گشتی ڕووسیا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كونسووڵی گشتی ڕووسیا وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندی قووڵ و ستراتیژ و درێژخایەنی نێوان ووڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان، پێزانینی بۆ هەڵوێستی هاوسەنگی هەرێمی كوردستان و پاراستنی سەقامگیری هەبوو و ڕاشیگەیاند ڕووسیا بایەخێكی زۆر بە پێگە و كاریگەری سەرۆك بارزانی دەدات و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. هەروەها ڕوانگەی ووڵاتەكەی لەبارەی گۆڕانكاری و ڕووداوەكانی ناوچەكە خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا كە ڕووسیا خوازیارە بۆچوونی سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە بزانێت.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانیش جەختی لە قووڵ كردنەوەی پەیوەندییە مێژوویی یەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا كردەوە. هەروەها ئاماژەی بە دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە دا و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان هیچ كات لەگەڵ بوونی شەڕ و گرژیدا نەبووە و پێیوایە هیچ كێشەیەك لەڕێگەی شەڕ و ململانێی سەربازی چارەسەر نابێت و دەبێ گرفتەكان لەڕێگەی دانووستاندن و دیپلۆماسیەوە چارەسەر بكرێن. هەورەها هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە و بەشێك نابێت لەو شەڕ و تێكهەڵچوونانەی لە ناوچەكەدا هەیە و پشتیوانی لە هیچ جمووجۆڵی سەربازی و شەڕێك لە ناوچەكەدا نەكردووە. بەڵام بەداخەوە سەرباری ئەو هەڵوێستە ڕوون و ئاشكرایەش زوڵمێكی زۆر لە هەرێم كراوە و بەهۆی پەلاماری بەرفراوانی مووشەكی و درۆنییەوە ژمارەیەك هاووڵاتی هەرێم شەهید و بریندار بوونە.
لەبارەی پرسی پارێزگای كەركووك سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئێمە پێمان وایە كەركووك دەبێ ببێتە شارێك كە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی پێكهاتەكان بێت و پارتی هەمیشە لەگەڵ مافی هەموو پێكهاتەكان بووە و زۆرجار لەپێناو پێكهاتەكان و خەڵكی تر لە مافی خۆی خۆش بووە و قوربانی بە دەستكەوتەكانی داوە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین كە لەڕێگەی درێژەپێدان بە سەفەقاتی گومانئاوی فندەق ڕەشید یاری بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركووك و چارەنووسی كەركووكییەكان بكرێت.