PeyamaKurd - سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا کرد
سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا كرد.
لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆك ترامپ بە سەرۆك بارزانی خۆشحاڵی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشاندا و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە هەبوو. جەختیشی لەوە كردەوە كە عێراق و ناوچەكە پێویستی بە سەقامگیری هەیە و لەوەشدا هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی گرینگ و جێی بایەخی لە ئێستا و ئایندەدا هەیە. هەروەها سەرسامی خۆشی بە گەشە و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەربڕی و بە نموونەیی وەسف كرد.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەردەم فاكتەری سەقامگیری بووە و لەگەڵ دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی بووە بۆ سەرجەم كێشەكانی عێراق و ناوچەكە. هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لە كێشەكان بەڵام بەناهەق پریشكی شەڕ و ناكۆكییەكانی ناوچەكەی بەركەوتووە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێكی سەقامگیر و خوشگوزەرانی بۆ دانیشتوانەكەی بڕوات.
لە تەوەرێكی تری ئەو دیدارەدا تیشک خرایە سەر گرینگی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی نوێی عێراق و، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا باسی لە پێویستی سەقامگیركردن و پاراستنی سیستەمی سیاسی عێراق و پاراستنی ڕۆڵی دەوڵەت لە كۆنتڕۆڵ كردنی هێزە چەكدارە نافەرمییەكان كرد و پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دووپات كردەوە لە پڕۆسەی داماڵینی چەك لەدەستی میلیشیات و هاتنەوەی بۆ ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عێراق. سەبارەت بە حكوومەتی نوێی عێراق، سەرۆك بارزانی وێڕای جەخت كردنەوە لە پاڵپشتی كردنی عەلی زەیدی، ئەوەی خستەڕوو پێویستە هەموو لایەك پەند لە هەڵەكانی ڕابردوو وەرگرن و لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا كار بكرێت.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و هاوكێشەكانی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەورەها هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێكەوە كار لەسەر كۆمەڵێك ئەولەوییەتی هاوبەش بكەن بۆ سەقامگیری عێراق و هەرێمی كوردستان و بنیاتنانی دۆستایەتی ستراتیژی درێژخایەن لەڕووی ئابووری و برەودان بە وەبەرهێنان.