PeyamaKurd - سەرۆکی هەرێمی کوردستان: تەبایی ناوخۆیی و یەکگرتوویی پێشمەرگە گەرەنتی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداری کردنی لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 5ی پێگەیاندنی خوێندکاران لە کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان ووتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، هێز و مانەوەی هەرێمی کوردستان کاتێک مسۆگەر دەبێت، کە ئێمە لەناو خۆمان دا تەبا بین و بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بخەینە سەرووی هەموو ململانێ و جیاوازی دیکەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، "ئەرکی هەموومانە پارێزگاری لە ناوبانگ، شکۆ و مێژووی پڕ لە شانازی و خەبات و قوربانییەکانی پێشمەرگە بکەین."
هەروەها نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ئاراستەی هێز و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کرد و ووتی، "پەیامی هەمیشەیی ئێمە بۆ ناوخۆی کوردستان یەک هەڵوێستی، پێکەوەیی، تەبایی و کۆدەنگییە لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی گرینگیدان بە بژێوی ژیانی پێشمەرگە و باشترکردنی گوزەرانیان ووتی، "هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێمەدا دەمێنێتەوە، چوونکە ئێوە شایەنی ژیانێکی سەربەرزن."
نێچیرڤان بارزانی داوای لە دەرچووانی خولی 5ی پێگەیاندنی خوێندکاران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان کرد، کە "دەبێت پارێزەری چەمک و بەها مەدەنییەکان، دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان بن." هەروەها بە دەرچووەکانیشی ووت، "بەرپرسیارییەتیتان لە ئەمڕۆوە فراوانتر و قورستر دەبێت. ئێوە دەبێت لەناو هێزی پێشمەرگەدا ببنە پارێزەری سەرەکی چەمکەکانی پێکەوەژیان، لێبووردەیی و یەکدی قبووڵ کردن، ئەو کولتوورەی شانازی پێوە دەکەین و هەرێمی کوردستانی کردووەتە لانکەی ئارامی بۆ هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکان و بووەتە مایەی رێز و پێزانینی تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی ووتارەکەیدا داوای لە دەرچووانی کۆلێژە سەربازییەکە کرد، "هیچ کات مەبنە بەشێک و لایەنێکی کێشە و ململانێ سیاسییەکان، بەڵکوو هەمیشە دەبێت وەکو هێزێکی نیشتمانی کوردستانی بمێننەوە و بەرگری لە شکۆی مرۆڤ بکەن بەبێ جیاوازی لەم ووڵاتەدا."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەش نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، هەنگاوەکان بۆ ئەو مەبەستە "باش نراون، بەڵام خواستی ئێمە لەوە زیاترە و پێویستە هەنگاوەکان زۆر خێراتر بکرێن. دەبێت سستییەکانی ئەم پرۆسەیە چارەسەر بکرێن، ئاڵنگاری و ململانێ ناوچەییەکان ئەوەمان لێدەخوازێت رۆژێک زووتر ئەم ئەرکە جێ بەجێ بکەین کە خزمەت بە هەموو کوردستان و عێراق دەکات."
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، "یەکگرتوویی پێشمەرگە گەرەنتی و بنەمایەکی سەرەکی پاراستنی مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستانە."