PeyamaKurd - سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی باڵای سەربازی عێراق کۆبووەوە
یەکشەممە 2026/6/14 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازی عێراق بە سەرۆکایەتی فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق، کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، شاندەکە مەبەستی سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان ڕوون کردەوە کە لەسەر ڕاسپاردەی عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە و ئامانجی سەردانەکەشیان ڕاگەیاند کە بەدواداچوونە بۆ دۆسیەی ئەمنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لەپێناو دابین کردنی گەرەنتی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەست خۆشی لە سەرکەوتنەکانی سوپای عێراق بەسەر تیرۆردا کرد، کە بە هەماهەنگی و هاریکاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگری عێراق، بەدەستیان هێناوە و هیوای بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوانیان دا خواست، لەپێناو نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانەدا کە جمووجۆڵی تیرۆریستانی تێدایە، هەر لەو ڕووەوە، ستایشی هەڵوێستی سەرۆکوەزیران زەیدی و پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەولێر ـ بەغدای کرد.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دەست پێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنەوەی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرینگی ئەو هەوڵانە کردەوە و بە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بووژانەوەی ئابووریی ووڵات، لە قەڵەمی دان.
دووپات کردنەوەی پێویستی پلانی هاوبەش و هاوکاری ئەمنی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆوەکانی کۆبوونەوەکە بوو کە سوپاسالاری پێشمەرگە، ئامادەی بوو.
