PeyamaKurd - سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئیتالیا کۆبووەوە
دووشەممە ٢٠٢٦/٥/٢٥ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخی سیاسی عێراق و ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی ئیتامیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کران، ھەروەھا باسیان لە دوایین سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیتالیا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لە ڕۆما کرد.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، وێڕای پێزانین بۆ پشتگیری بەردەوامی ئیتالیا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان خوازیاری پەرەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەکان و ھاریکاریی ھاوبەشە لەگەڵ ئیتالیا.
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئیتالیا پەیوەندییەکانی ووڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان بە گرینگ لە قەڵەم دا، ھەروەھا جەختی لە بەردەوامی پابەندی ئیتالیا بۆ پشتگیری کردنی ئارامی و سەقامگیری عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە.
تاوتوێکردنی دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکە و چەند پرسێکی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە بەڕێز تۆماسۆ سانسۆنێ، کونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.