PeyamaKurd - سەفین دزەیی ناوەڕۆکی دیدارەکانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەورووپا دەخاتەڕوو
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، شاندێکی باڵای ھەرێم زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسییان لە ووڵاتانی ئەورووپا ئەنجامداوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دەستدرێژییەکان بۆ سەر کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی.
سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت دا ئاماژەی بەوەکرد، کە سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر کوردستان، ھەرێم بەشێک نەبووە لە ھیچ جەنگێک. پەیوەست بەمەش بە ڕێنمایی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی، بە پێویست زانرا سەردانی چەند ووڵاتێکی ئەورووپا بکەین بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیار.
دزەیی ووتی، لە فەڕەنسا لە کۆشکی ئیلیزو ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری فەڕەنسا، لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسا سێناتۆر و سەرۆکی گرووپی پەیوەندیەکانی فەڕەنسا – عێراقمان بینی.
ھەروەھا لە بەلجیکا بەڕێوبەری گشتی کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، بەرپرسی دۆسیەی عێراق و ئێرانمان بینی، ھاوکات سەردانی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا و ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیتی ئەورووپا و پەرلەمانی ئەورووپامان کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا کۆبووینەوە.
ھەر لە بەلجیکا لەگەڵ وەزیری بەرگری بەلجیکا و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی بەلجیکا و ڕێکخەری دژە تیرۆری یەکیتی ئەورووپا و تیمی یاوەری کۆبووینەوە.
لە ھۆڵەندا، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵەندامان کرد و چەند دیدارێکمان ئەنجام دا، دواتر لەگەڵ نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵەندا بۆ کاروباری کۆچ و کۆچبەران و جێگری وەزیری دەرەوەی شانشینی ھۆلەندا کۆبووینەوە.
لە لەندەن لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە و پەرەپێدانی شانشینی یەکگرتوو وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیامان بینی، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانمان لە لەندەن لەلایەن گرووپی ھەموو پارتەکانی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ دۆستایەتی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان پێشوازیمان لێکرا، دواتر سەردانی وەزارەتی بەرگری بەریتانیامان کرد.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت گوتیشی، لە چاتام ھاوس (Chatham House) بە ئامادەبوونی شارەزایانی سیاسی، قوتابیانی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، بەرپرسانی حکوومی، ڕۆژنامەنووسان، و باڵیۆزانی پێشوو، لە مێزگردێک دا، تیشکمان خستە سەر دۆخی ئێستای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پرسە ھەنووکەییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا و پرسی پێکھێنانی حکوومەت و ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان لەمەڕ پرسەکان.
سەفین دزەیی باس لەوەش دەکات، تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم دیدارە دیپلۆماسییانە چڕبوونەتەوە لەسەر ڕێگریکردن لە دەستدرێژییەکان بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان و داوا لە ووڵاتانی دۆست کراوە کاریگەری خۆیان بەکاربھێنن بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدڕاڵی ڕێگری لەو ھێرشانە بکات.
ھاوکات لە کۆبوونەوەکان دا باسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەرێم، دۆسیەی نەوت و گاز و بوودجە کراوە. بەرپرسانی باڵای ووڵاتان سۆز و پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵک و حکوومەتی ھەرێم دووپات کردووەتەوە و ڕێزی زۆریان بۆ قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی داعش دا ھەبوو. دەوڵەتان نیگەرانی خۆیان لە شەھیدبوونی ھاووڵاتیانی سڤیل دەربڕیوە و جەختیان کردووەتەوە کە پێویستە گفتوگۆی جیددی ھەبێت بۆ کۆتایی ھێنان بەم دەستدرێژییانە، ھەروەھا بەڵێنی یان داوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆیان لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکان بەکاربھێنن.
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێستا پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی بۆ مانەوەی کوردستان وەک ناوچەیەکی ئارام، ھاوشێوەی ساڵی ١٩٩١ بوونی ھەیە، چوونکە کوردستان بووەتە پەناگەی سەدان ھەزار مرۆڤ و پێویستە لە ھەموو ڕووەکانەوە گەشەی پێ بدرێت. لە لایەکی ترەوە، ڕوونکردنەوەی پێویستمان داوەتە ووڵاتانی دۆست لەسەر ھۆکارەکانی دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.