PeyamaKurd - لە سێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسی كورد و ئازەری
میدیاکانی سەر بە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لەسێدارەدانی یەعقووب کەریم پوور و ناسر بەكرزادەیان ڕاگەیاند؛ دوو زیندانی کە بە تۆمەتی "هاوکاری هەواڵگری و سیخوڕی کردن بۆ ئیسرائیل و مووساد" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ڕاگەێندراوی فەرمی دەسەڵاتی دادوەری، سزای ئەم دوو زیندانییە دوای پشتڕاست کردنەوەی لەلایەن دادگای باڵاوە جێ بەجێ کراوە. لە ڕاپۆرتەكان دا بانگەشەی ئەوە دەكرێ کە یەعقووب کەریمپوور لە کاتی شەڕدا زانیاری هەستیاری بۆ ئەفسەرێکی مووساد ناردووە و هەروەها ناسر بەكرزادە ئەرکی کۆکردنەوەی ناسنامەی کەسانی حکوومی، ئایینی و ناوەندە هەستیارەکان لە ناویان دا ناوچەی نەتەنزی پێسپێردراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا پێشتر ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی ئەو دۆسیانە دابوو. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باسیان لە نەبوونی دادگایی کردنی دادپەروەرانە، فشارە ئەمنییەکان، ئەشکەنجەدان و دانپێدانانی زۆرەملێ لە دۆسییەی هاوشێوەدا کردبوو.