PeyamaKurd - مەترانی سریان : مێژووی پێکەوەژیان لە کوردستان جێگەی شانازی هەموو پێکهاتەکانە
شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی سەرۆکی حکوومەت دەگەیەننە مەترانی سریان ئەرتۆدۆکس و جەخت لە قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان دەکەنەوە.
ئێوارەی یەکشەممە ٢٠٢٦.٤.١٢، بە مەبەستی گەیاندنی پیرۆزبایی جەژن، شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە پێکھاتبوون لە د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئانۆ جەوھەر، وەزیری گواستنەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە سەنتەری قەزایی عەنکاوا سەردانی "مەتران نیقۆدیمۆس داود مەتی شەرەف" سەرۆکی ئیبارشیەی کوردستان و مووسڵی سریان ئەرتادۆکسیان کرد.
لە دیدارەکەدا، پیرۆزبایی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان بەبۆنەی "جەژنی گەورە" گەیاندە مەتران و خوشک و برایانی کریستیان و تەئکیدیان لەوەکردەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە شانازی و بایەخێکی گەورەوە دەڕوانێتە کلتووری پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە ھەرێمدا و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئەم سەقامگیرییە.
لەلایەن خۆیانەوە، مەتران نیقۆدیمۆس و ئامادەبووان، وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ پەیامی سەرۆکی حکوومەت، ستایشی ئەو ئارامی، ئاوەدانی و ئازادییە ئائینییەیان کرد کە لە ھەرێمی کوردستاندا بەرجەستە بووە و ئاماژەیان بەوەش کرد، مێژووی پێکەوەژیان لە کوردستان دا نموونەیەکی جوان و دەگمەنە لەسەر ئاستی جیھان و جێگەی شانازی ھەموو پێکھاتەکانە.
